بارێكى گه‌وره‌ى چه‌ك گه‌یه‌نرایه‌ ئێران

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6932 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گەیشتنی بارێکی گەورەی چەک لەچینەوە بۆ تاران گومانی دروستکردوە، باس له‌وه‌شده‌كرێت، ئه‌و فڕۆکەیه‌ى باره‌كه‌ى هه‌ڵگرتوه‌، پێش چونە ئاسمانیی ئێران، لەکاتی فڕینیدا بەسەر ڕۆژئاوای شاری ئۆشتۆبا لەکازاخستان بە ئاراستەی تاران، بینراوە.


لەپەرەسەندنێکی نوێدا، گەیشتنێکی بارێکی گەورەی چەک بۆ شاری تارانی پایتەختی ئێران، پرسیاری زۆری لەبارەی گریمانەی لەخۆگرتنی ئامێری وردو پێشکەوتوو دروستکردوە، بەتایبەتیی لەسایەی بەردەوامی ئامادەکارییەکانی تاران بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر هێرشێکی ئیسرائیلیی چاوەڕوانکراو.

ئەم پڕۆسەی گواستنەوەیە لەلایەن کۆمپانیای "ساها ئێر لاینز"ەوە جێبەجێکراوە کە ڕاستەوخۆ سەر بەهێزی ئاسمانیی سوپای ئێرانە، بەبەکارهێنانی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری جۆری بۆینگ 747 کە بەشێوەیەکی لەناکاو لەکاتی نیشتنەوەیدا لەفڕۆکەخانەی تاران دەرکەوتوە.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ماڵپەڕی "فڵایت ڕادار 24" بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، فڕۆکەکە پێش چونە ناو ئاسمانیی ئێران لەکاتی فڕینیدا بەسەر ڕۆژئاوای شاری ئۆشتۆبا لەکازاخستان بەئاراستەی تاران، بینراوە.

ئەو جۆرە گەشتانە بەوە ناسراون کە شێوازی "شاردنەوە" دەگرنەبەر لەڕێگەی لەکارخستنی ئامێرەکانی شوێنپێهەڵگرتن لەقۆناغە دیاریکراوەکانی گەشتەکەدا، کە وای لێدەکات ڕێڕەوی فڕۆکەکە وەک خاڵی لێکدابڕاو دەربکەوێت.

شیکردنەوەی ڕێڕەوی گەشتەکە لەسەر نەخشە دەریدەخات کە ئەو ڕێڕەوە لەگەڵ فڕۆکەکانی هاتوە لەچینەوە دەگونجێت، بەتایبەتی کە ناوچەی ئۆشتۆبا نزیکە لەسنوری چین.

یەکێک لەشارەزایانی چاودێریکردنی جوڵەی فڕۆکە پێشبینیکردوە، فڕۆکەکە لەئۆرۆمچی، پایتەختی هەرێمی شینجیانگ، فڕیبێت، کە ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازییەو چەندین بنکەی بەرهەمهێنانى چه‌ك‌و كه‌ره‌سته‌ سەربازییه‌كانى لەخۆگرتوە.

بەپەلە