شارپرێس:
بهگوێرهى ئاژانسێکی فەرمی، وەزیری دەرەوەی لوبنان، ڕازینەبوە سەردانی ئێران بکاتو وتویهتى، "وڵاتەکەم ئامادەیە بۆ قۆناغێکی نوێی پەیوەندیی لەگەڵ ئێران، بەمەرجێک پەیوەندییەکان تەنها لەسەر بنەمای ڕێزی سەروەریی یەکتربێت".
بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی نێوان هەردوو وڵات، هەفتەی ڕابردوو عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی یوسف ڕەجی هاوتا لوبنانییەکەی بۆ تاران کردبوو.
ئاژانسی نیشتمانیی فەرمیی لوبنان بڵاویکردوهتهوه، یوسف ڕەجی وەزیری دەرەوەی لوبنان ڕەتیکردوەتەوە بۆ هەر مەبەستێک سەردانی ئێران بکاتو لەبری ئەوە پێشنیازیکردوە دیدارەکە لەوڵاتێکی بێلایەن ئەنجامبدرێت.
ڕەجی هۆکاری بڕیارەکەی بۆ بارودۆخی هەنوکەیی گەڕاندەوەو جەختیکردەوە، ئەوە بەواتای ڕەتکردنەوەی گفتوگۆ نییە، بەڵکو کەشوهەوای گونجاو ئێستا لەئارادانییە.
سەبارەت بەئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان بەیروتو تاران، وەزیری دەرەوەی لوبنان ئاماژەی بەوەکردوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ قۆناغێکی نوێی پەیوەندیی لەگەڵ ئێران، بەمەرجێک پەیوەندییەکان تەنها لەسەر بنەمای ڕێزی یەکترو پاراستنی سەروەرییو دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆی یەکتربێت.
بۆ پرسی چەکی حزبوڵڵاش، ڕەجی وتویهتى، "بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێزو سەربەخۆ مەحاڵە، ئەگەر دەوڵەت لەڕێگەی سوپا نیشتمانییەکەیەوە مافی ڕاماڵینی چەکی نەبێت، هەروەها دەبێت حکومەت بەتەنها خاوەنی بڕیاری پرسەکانی پەیوەست بەشەڕو ئاشتی بێت".
