شارپرێس:
دوای نزیکەی
مانگێک لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوکاری سیاسیی لە نێوان حکومەتی کاتیی سوریا و
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی 13ی کانون یەکەم هێرشێکی مەترسیدار لە شاری تەدمور ڕوویدا کە بووە هۆی کوژرانی
سێ کارمەندی خزمەتگوزاری لە سوپای ئەمریکا.
هێرشەکە لە ناوچەیەکەوە ئەنجامدرا
کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری سوریادایە، ئەمەش شۆک و پرسیاری بەرفراوانی
لەسەر ئاستی هەماهەنگی ئەمنی نێوان دیمەشق و واشنتۆن، و توانای دەسەڵاتی نوێی سوریا
بۆ کۆنترۆڵکردنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی دروستکرد.
لە کاتژمێرەکانی
سەرەتای دوای هێرشەکەدا، گێڕانەوەی جیاواز لە هەردوو لایەنی ئەمریکی و سورییەوە سەبارەت بە ناسنامەی بکەر و
سروشتی کردەوەکە دەرکەوتن. واشنتۆن بە خێرایی ڕێکخراوی داعشی بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆ
دانا و جەختی کردەوە کە هێرشبەرەکە سەر بەو ڕێکخراوەیە، ئەمەش خێرا کۆتایی بەو
شپرزەییە هێنا کە لە لێدوانە ئەمریکییەکاندا هەبوو.
لە بەرامبەردا،
هەڵوێستی سوریا شێواو دیار بوو؛ دیمەشق سەرەتا خۆی بەدوور گرت لە داننان بە بوونی
دزەکردنێکی ئەمنی مەترسیدار لە ناو هێزەکانیدا و چەندین لێکدانەوەی بۆ ناسنامەی بکەرەکە
خستەڕوو، لەوانە "کەسێکی توندڕەو" یان توخمێک کە پلەی سەرکردایەتی نییە،
پێش ئەوەی دواتر لەسەر گێڕانەوەی ئەوەی کە سەر بە داعشە جێگیر بێت.
وتەبێژی وەزارەتی
ناوخۆی سوریا، نورەدین ئەلبابا، لە یەکەم لێدوانیدا هەوڵیدا بوونی پەیوەندی ڕێکخراوەیی
هێرشبەرەکە لەناو دەزگا ئەمنییەکان ڕەت بکاتەوە، و هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە دیمەشق
هۆشداری پێشوەختەی داوە بە هێزە ئەمریکییەکان سەبارەت بە ئەگەری هێرشی داعش، بەڵام
ئەم هۆشدارییانە بە وتەی ئەو بەهەند وەرنەگیراون.
بەڵام ئەم بۆچوونە نیشانەی پرسیاری دروستکرد،
چونکە ڕوون نەبوو ئایا بەڕاستی ئەم هۆشدارییانە گەیەندراون بە لایەنی ئەمریکی و دەسەڵاتدارانی
سوریا چی ڕێوشوێنێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو دزەکردنە لەناو ڕیزەکانیاندا گرتۆتەبەر،
بەتایبەت کە بکەرەکە یەکێک بووە لە چەکدارەکانی خۆیان و دەتوانرا پێش ئەنجامدانی هێرشەکە
دەستگیر بکرێت.
دواتر، وەزارەتی
ناوخۆی سوریا گێڕانەوەکەی هەموار کردەوە و بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە
هێرشبەرەکە بەڕاستی سەر بە ڕێکخراوی داعشە، و پێنج گومانلێکراوی لە ئۆپەراسیۆنێکی
هەماهەنگدا لەگەڵ دەزگای هەواڵگری گشتی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستگیرکردووە،
بە پشت بەستن بە "زانیاری هەواڵگریی ورد".
ئەوەی جێی سەرنجە لەم بەیاننامەیەدا، نەبوونی هیچ
ئاماژەیەکە بە مەسەلەی "هۆشداری پێشوەختە" کە لە لێدوانەکانی یەکەمدا
هاتبوو، ئەمەش متمانەی گێڕانەوەی سەرەتایی لاواز کرد و شپرزەییەکی دامەزراوەیی لە
مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکەدا نیشاندا.
لە لایەنی
ئەمریکییەوە، ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هەوڵیدا دەرئەنجامە سیاسییەکانی هێرشەکە
کۆنترۆڵ بکات. ترەمپ ڕووداوەکەی بە "کەمین"ێک وەسف کرد کە داعش ئەنجامی
داوە و جەختی کردەوە کە ئەمریکا بە توندی وەڵام دەداتەوە ئەگەر بەئامانجگرتنی هێزەکانی
دووبارە ببێتەوە.
هەروەک جەختی
لەوە کردەوە کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، هەست بە تووڕەیی توند دەکات بەرامبەر
هێرشەکە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ خواستی واشنتۆن لە پاراستنی هاوبەشییە نوێیەکەی
لەگەڵ دیمەشق و بەرپرسیارنەکردنی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ. ئەم ئاراستەیە لەگەڵ هەڵوێستەکانی
پێنتاگۆن و سەرکردایەتی "سێنتکۆم" و تۆم بەراک، نێردەی واشنتۆن بۆ سوریا،
یەکی دەگرتەوە کە هەموویان تەرکیزیان خستە سەر بەرپرسیارکردنی داعش.
بەڵام ئەم
لەباوەشگرتنە ئەمریکییە بۆ دەسەڵاتی نوێی سوریا، ئیدارەی ترەمپ دەخاتە بەردەم هاوکێشەیەکی
هەستیار، بەوپێیەی واشنتۆن کەناڵی سیاسی بەرفراوانی لەگەڵ دیمەشق کردۆتەوە، پێشوازی
لە شەرع کردووە لە کۆشکی سپی، و پاڵپشتی کەمکردنەوەی مەرجداری سزاکانی "قەیسەر"ی
کردووە، کە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی گرتنەبەری هەنگاوی بەرچاوە لەلایەن دیمەشقەوە
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
هێرشەکەی تەدمور،
بەتایبەت کە ئەنجامدەرەکەی ئەندام بووە لە هێزە ئەمنییەکانی سوریا، گومان دەخاتە سەر
توانای دیمەشق بۆ جێبەجێکردنی ئەم پابەندبوونە، و ترسێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە سەلامەتی
هێزە ئەمریکییەکان لە سوریا دروست دەکات.
ڕووداوەکە
هەروەها دەرگای گفتوگۆی لەسەر پێکهاتەی دامەزراوەی سەربازیی و ئەمنیی تازەپێگەیشتووی
سوریا کردەوە، کە چەندین گرووپ لەخۆدەگرێت و بەدەست پەلەکردن لە دووبارە پێکهێنانەوە
و فراوانکردنی ژمارەیی بەبێ وردبینی ئەمنی پێویست دەناڵێنێت.
ئەم واقیعە
دزەکردنی هێزە توندڕەوەکان یان ئەوانەی سەر بە داعشن ئاسان دەکات، بەتایبەت لە سایەی
لێکچوونی پاشخانی بیروباوەڕی هەندێک لە پەیوەستبووە نوێیەکان، جگە لە دۆسیەی چەکدار
و ئەفسەرە بیانییەکان کە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و هۆکارێکی دیکەی مەترسییە.
لە ئەنجامدا،
هێرشەکەی تەدمور چەند پرسیارێکی ستراتیژیی بە کراوەیی هێشتەوە: ئایا دیمەشق توانای
ڕاستەقینەی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاککردنەوەی دامەزراوە
ئەمنییەکانی؟ و ئایا دەتوانێت بە تەنها لە ناوچە هەستیارەکانی وەک بیابان (بادیە)
و ڕۆژهەڵاتی سوریا کار بکات بەبێ پشت بەستن بە هاوبەشەکانی وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات؟
گرنگتر لەوەش، چی ڕوودەدات ئەگەر بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی ئۆپەراسیۆنە
هاوبەشەکاندا دووبارە ببێتەوە؟.
وەڵامی ئەم پرسیارانە تەنها داهاتووی هاوکاریی ئەمنیی
نێوان واشنتۆن و دیمەشق دیاری ناکات، بەڵکو ئاستی ئامادەیی ئیدارەی ترەمپ بۆ بەرگەگرتنی
تێچووی متمانەی زیاد لە پێویست بە دەسەڵاتی سوریا لە قۆناغێکی راگوزەر پڕ مەترسیدا
دەردەخات.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی