ڕاپۆرتەکان: بەهۆی کوشتنی بەرپرسێکی حەماس لەغەززە، سەرۆکی ئەمریکاو ڕاوێژکارەکانی "قسەی نەشیاو"یان بە ناتانیاهۆ وتووە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 371 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ئاشکرایان کردووە کە سەرۆکی ئەمریکا و ڕاوێژکارە نزیکەکانی "قسەی زۆر نەشیاو" یان بە ناتانیاهوو وتووە، دوای تیرۆرکردنی ڕائید سەعد، یەکێک لە سەرکردەکانی کەتیبەکانی قەسام، لەناو کەرتی غەززە، بەو پێیەی ئەو کارە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست دادەنێن.

ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت باسی لەوەکردووە کە ئەمریکا بە دەستەواژەی "ناشیرین" تووڕەیی خۆیان دەربڕیوە کە رۆژنامەکە خۆی لە بڵاوکردنەوەیان پاراستووە، ئاماژەی بەوەداوە کە ڕەنگە بەشێک لەو جنێوانە ڕاستەوخۆ ئاراستەی ناتانیاهوو کرابن، بەهۆی ئەنجامدانی تیرۆرەکە بەبێ هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ واشنتۆن.

لە هەمان چوارچێوەدا، سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە ئیدارەی ترەمپ بە فەرمی ناڕەزایی خۆی لەسەر ئەو پڕۆسەیە بە حکومەتی ئیسرائیل ڕاگەیاندووە و بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی داناوە، جەختی لەوە کردۆتەوە کە تەلئەبیب پێش ئەنجامدانی کردارەکە، واشنتۆنی ئاگادار نەکردووەتەوە و ڕاوێژی پێ نەکردووە.

سوپای ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە، هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا کە ئۆتۆمبێلێکی لە ڕۆژئاوای شاری غەززە کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار فەلەستینی کوژران، پێش ئەوەی بزووتنەوەی حەماس کوژرانی سەرکردە ڕائید سەعد، یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی باڵە سەربازییەکەی ڕابگەیەنێت.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆکی ئەمریکا پێشتر تووشی ناکۆکی هاوشێوە بووە لەگەڵ ناتانیاهوو، چ لەسەر هەوڵەکانی بۆ کاریگەری خستنە سەر هەڵوێستی ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا پێش لەسەرکارلادانی، یان لە ڕۆژی کۆتایی جەنگی دژی ئێران، جگە لە ناکۆکییەکانی کاتی جەنگی غەززە.

چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگەدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبێتەوە
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە