لەسبەینێوە ئیسرائیل پلانێكی دیكە لەغەززە جێبەجێدەكات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 180 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیسرائیل ڕایگەیاند قەدەغەکردنی چالاکییە مرۆییەکان لەغەززە دەستپێدەكەن و دەڵێت،" ئەو پلانە  37 ڕێکخراوی ناحکومی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە کە بڕیارە  لەسبەی پێنجشەممەوە دەستپێبکات".


وەزارەتی کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیل لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو ڕێکخراوانەی چالاکییەکانیان قەدەغە دەکرێت لەساڵی داهاتوەوە، هاوبەشکردنی زانیاری کارمەندو دارایی و کارەکانیان جێبەجێ نەکردوە.

لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، پزیشکانی بێ سنور ڕۆڵی هەندێک لەکارمەندەکانی ڕون نەکردوەتەوە کە ئیسرائیل تۆمەتباریان دەکات بەهاوکاری لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس و گروپە چەکدارەکانی دیکە.

گلعاد زویک، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیل بەئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ئەو ڕێکخراوە ناحکومییانە ڕەتیدەکەنەوە ناوی کارمەندە فەلەستینییەکانیان ڕادەستبکەن، چونکە ئەوان دەزانن وەک چۆن ئێمەش دەزانین، کە هەندێکیان تێوەگلاون لەکارە تیرۆریستییەکان یان پەیوەندییان بەحەماسەوە هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد،" پێویستە هەمو پێوەرە دیاریکراوەکان بەتەواوی و شەفافی جێبەجێ بکەن، هیچ بوارێک بۆ خۆدزینەوە و فێڵکردن نییە".

هاوكات، بڕیارە نوێكەی ئیسرائیل كاردانەوەی لێكەوتەوە و هەریەك لە بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنساو وڵاتانی دیکە لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانی قوڵی خۆیان بەرامبەر بەخراپبونی دوبارەی بارودۆخی مرۆیی لە غەززە دەربڕی و داوایان لەئیسرائیل کرد هەنگاوی بەپەلە بنێت. 

 ئەوەش لەکاتێکدایە، یەکێتی ئەوروپاش هۆشداریدا کە ئەم هەنگاوە ڕێگری دەکات لەگەیشتنی هاوکارییە گرنگەکان بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە دەدات