دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان هاوسەنگیی سیاسیی لە عێراق لە مەترسیدایە

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 500 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە کەشێکی بە ڕواڵەت ئارام و ڕێکخراودا دەستی پێکرد، بەڵام وردەکارییەکانی ناو دانیشتنەکە و شێوازی دەنگدانەکان ئاماژەی ڕوونیان تێدابوو بۆ ئاڵۆزیی ئەو نەخشە سیاسییەی کە لە قۆناغی داهاتوودا چاوەڕوانی وڵات دەکات.

ئەم دانیشتنە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان کوتلە گەورەکاندا هەبوو، بەتایبەتی لە ناو ماڵی شیعە و هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی لایەنە کوردی و سوننەکان سەبارەت بە پۆستە سیادییەکان.

لە هەنگاوێکی سەرەتاییدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، هەیبەت حەمەد حەلبووسی، سەرکردە لە پارتی تەقەدومی وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژارد. حەلبووسی توانی 218 دەنگ بەدەستبهێنێت و بەسەر ڕکابەرەکەیدا، سالم عیساوی کە تەنها 66 دەنگی هێنا، سەربکەوێت. ئەم سەرکەوتنە نیشانەی جۆرێک لە ڕێککەوتنی پێشوەختە بوو لە نێوان بەشێک لە هێزە سیاسییەکاندا، بەڵام هێشتا گوزارشت لە کۆدەنگییەکی گشتگیر ناکات.

لە هەمان دانیشتندا، عەدنان فەیحان، سەرکردە لە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا. ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدا بوو کە جۆرێک لە تەباییەکی لەرزۆک لە ناو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەبوو، سەرەڕای ئەو ئارامییە ڕێژەییەی کە لە هەڵوێستی هەندێک لە کوتلەکاندا دەبینرا.

یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی ئەم دانیشتنە، دەرکەوتنی درز و جیاوازیی بوو لە ناو هاوپەیمانییە گەورەکاندا. موختار مووسەوی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوە کردووە کە دانیشتنی یەکەم دەریخست کە تێگەیشتنی سیاسیی هەیە، بەڵام یەکلاکردنەوەی هەندێک پۆست بە واتای سەقامگیریی تەواوەتیی پەرلەمان نایەت.

 بە بڕوای ئەو، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی پەرلەمان لەگەڵ هەنگاوە دەستوورییەکانی داهاتوودا دەست پێدەکات، بەتایبەتیی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران، بەشێوەیەک لەو قۆناغەدا دەردەکەوێت کە ئایا کوتلەکان دەتوانن لە ناو هۆڵی پەرلەماندا ناکۆکییەکانیان بەڕێوە ببەن یان تەنها پشت بە ڕێککەوتنی دەرەکیی دەبەستن.

لە لایەکی دیکەوە، پرۆسەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە کە ململانێی توند لە نێوان شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبوار کەریم، کاندیدی کوتلەی هەڵوێست، وایکرد کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاردان لەسەر ئەم پۆستە دوا بخات. ئەم دواخستنە و گۆڕینی کاندیدی پارتی، نیشانەی قووڵیی ناکۆکییەکانە لە ناو ماڵی کوردیدا.

غازی فەیسەڵ، سەرۆکی ناوەندی عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، پێی وایە ئەوەی ڕوویدا نەک قەیرانێکی دەستووری، بەڵکو کێشەیەکی سیاسییە کە لە ئەنجامی تێکشکانی لۆژیکی تەوافوقی تەقلیدییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو دەڵێت دەنگدانی ئازاد لە ناو پەرلەمان و پابەندنەبوونی هەندێک پەرلەمانتار بە ڕێنمایی کوتلەکانیان، هاوکێشە ناڕەسمییەکانی تێکداوە.

ئەم دۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەتایبەتیی لە دۆسیەکانی نەوت و گاز و بودجەدا. غالیب دەعمی، توێژەری ئەکادیمی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەرلەمان تەنها 30 ڕۆژ مۆڵەتی لەبەردەمدایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

 گرێکوێرەی ئەم پۆستە لە ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتیدا دەبینرێتەوە، بەوپێیەی ئەگەر ئەم دوو پارتە نەگەنە ڕێککەوتن، دوور نییە پۆستی سەرۆک کۆمار لە ڕێگەی تەوافوقێکی نیشتمانییەوە یەکلا بکرێتەوە کە بکەوێتە دەرەوەی ئیرادەی لایەنە کوردییەکان.

لە کۆتاییدا، هەرچەندە دانیشتنی یەکەم توانی سەرۆک و جێگری یەکەم یەکلا بکاتەوە، بەڵام سستی لە هەڵبژاردنی جێگری دووەم و جیاوازیی هەڵوێستی کوتلە گەورەکان، وێنەیەکی لەرزۆکی لە هاوسەنگیی هێز نیشاندا.
 پەرلەمانی نوێ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە قورسەکانی وەک قەیرانی دارایی و تێپەڕاندنی یاسا جێناکۆکەکان، کە پێویستیان بە جۆرێک لە سەقامگیریی سیاسی هەیە کە تا ئێستا بە تەواوەتی بەدی نەکراوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی