سێ پەرلەمانتار پەیوەندییان بەحزبەکەی ئەردۆغان کردو هەڵوەشاندنەوەی سێ حزبی ئۆپۆزیسیۆن نزیکە

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە پێشهاتێکدا کە هاوسەنگی پەرلەمانی تورکیای گۆڕی، سێ پەرلەمانتاری لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا پەیوەندییان بە پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدانەوە کرد، بەوەش مەترسی هەڵوەشاندنەوەی فراکسیۆنی (یەنی یۆل)ی ئۆپۆزیسیۆن نزیکە، کە لە سێ حزبی سەرەکی پێکدێت.


ماڵپەڕی "BBC تورکی" بڵاویکردەوە، هەریەک لە عیسا مەسیح ساهین (لە پارتی ئایندە)، عیرفان قەرەتوتلو (لە پارتی دێڤا) و حەسەن ئۆفۆک کاکر (لە پارتی کۆماری گەل - جەهەپە) پەیوەندییان بە پارتی ئاکەپە کرد کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بەوشێوەیەش ژمارەی کورسییەکانی پارتەکەی ئەردۆغان لە پەرلەمان گەیشتە 275 کورسی.

28ـەمین خولى پەرلەمانی تورکیا ئاڵوگۆڕی قورسی بەخۆیەوە بینی و تا ئێستا 37 پەرلەمانتار دەستیان لە حزبەکانیان کێشاوەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکی ئەردۆغان گەیشتنە بە ژمارەی 360 كورسى بۆ گۆڕینی دەستور کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی ئەردۆغان جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکاتەوە، یان بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە.

لە ئێستادا کۆی كورسى هاوپەیمانی كۆمار  گەیشتوەتە 327 كورسى، ئەردۆغان هێشتا پێویستی بە 33 پەرلەمانتاری دیکە هەیە، ئەمەش ئەگەری گواستنەوەی پەرلەمانتار زیاتر دەکات.

ئەم هەنگاوە زەنگی ئاگادارکردنەوەش بوو بۆ فراکسیۆنی یەنی یۆل (ڕێگای نوێ)ی ئۆپۆزسیۆن، چونکە بە ڕۆیشتنی نوێنەری پارتی دێڤا، ژمارەی ئەندامانی ئەو فراکسیۆنە (کە لە پارتەکانی سەعادەت و ئایدن و دێڤا پێکهاتووە) دابەزیوە بۆ 20 کەس، بە پێی یاساش بۆ مانەوەی فراکسیۆنەکان لە پەرلەمان پێویستە هەر فراکسیۆنێک لانیکەم 20 ئەندامی هەبێت، بەوەش ڕۆیشتنی تەنها یەک ئەندامى دیکە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی فراكسيۆنەکە لە پەرلەمان

بەپەلە