شارپرێس:
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكرد، ژمارەی داواکاران بۆ کارکردن وەک کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان تائێستا گەیشتوەتە 187 هەزارو 861 کەس، هاوکات ڕایگەیاند، پێویستی بەنزیکەی 250 هەزار کارمەند بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن هەیە کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دوەمی 2025 ئەنجامبدرێت.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی کۆمسیۆن، لەڕۆژی سێی حوزەیرانەوە تاوەکو ڕۆژی دوشەممەى ڕابردوو، لەعێراقو هەرێم 187 هەزارو 861 کەس داواکارییان پێشکەش بەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کردوە، بۆ وەرگرتنیان وەک کارمەندى سەر سندوقى دەنگدان.
کۆمسیۆنەکە لەبەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە، "ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پهرلهمان لە11ی تشرینی دوەمی 2025 بەردەوامە، بهگوێرهى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، کۆمسیۆن پێویستی بەنزیکەی 250 هەزار کارمەند بۆسەر سندوقی دەنگدان هەیە لەفەرمانبەرانی حکومەتو دەرچوانو خوێندکاران".
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنی کارمەندی ڕۆژی هەڵبژاردن، داواکارییەکی ئاراستەی یاریدەدەری بەرپرسی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان بۆ کاروباری کارگێڕییو دارایی کردوە بۆ ئەوەی پەیوەندیی بەنوسینگەی سەرۆکی حکومەتەوە بکات بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ دەرکردنی سوپاسو پێزانین بۆ ئەوکەسانەی لەڕۆژی هەڵبژاردندا بەشدارییانکردوە وەک پێزانینێک بۆ هەوڵو ماندوبونەکانیان".
ئاکۆ عەبدوڵڵا
