شارپرێس - ئاميدی
لە دوانیوەڕۆی 18ـی 6ـی 2025 تاکو ئەمڕۆ هەینی،
20ـی حوزەیرانی 2025 ، تۆپخانە و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەچڕی بۆردومانی گوندەكانی
دێرەلۆکی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک دەکەن و بەهۆیەوە نزیکەی 100 دۆنم زەوی
سوتاون، شارپرێس ئاشکرایکرد کە سوپای تورکیا هەڕەشە لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەکات.
سەلام رێکانی ژینگەدۆستی ناوچەکە بە شارپرێسی
راگەیاند؛ ماوەی سێ رۆژە سوپای تورکیا بە بەردەوامی ناوچەکانی نهێلێ و بەرێگارە لە
قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک بۆردومان دەکات، لەئەنجامی بۆردومانكردنی گوندەكانی
ئامێدیش ئاگریکی گەورە دروست بوە و دڵەڕاوكێی زۆری بۆ هاوڵاتیانیش دورست كردوە.
ئەو ژینگە پارێزە ئاماژەی بەوەش کرد؛ توركیا
بە مەبەست و بەچڕی بۆردومانی گوندەكانی گوهەرزێ، مێژێ، کەفنە مژێ، گرگاش، بلاف و
سپیندارێیان لە سنوری دێرەلۆکی قەزای ئامێدی دەکات بۆ ئەوەی گوندەکانیان چۆڵبکەن،
و تا ئیستا نزیکەی 100 دۆنم زەوی سوتاون، سوپای تورکیا ئیکۆسایدی ژینگەی ناوچەکە دەکات.
شار پرێس لە سەرچاوەیەک لەنێو بەرگری شارستانی
دهۆک پشتڕاستیکردەوە؛ سوپای تورکیا هەڕەشەی کردوە هەر تیمێک نزیک بێت لە بنکە سەبازیەکانیان
ژیانیان پارێزراو نابێت، بۆ گەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە پێویستیان بە ڕازەمەندی
و هەمانگەنگی هەیە لەگەڵ میت-ـی تورکیا.
هاوکات، خەڵکی ناوچەکە بە شارپرێسیان ڕاگەیاند؛
ئاگرەکە گەورەتر بوە و تا ئیستا بەهۆی هەڕەشەکانی بنکەکانی سوپای تورکیا کۆنتڕولنەکراوە،
بەرگری شارستانی ئامادە نیە ئاگرەکە بکوژێنێتەوە و خەڵکی مەدەنی و ژینگەدۆستانی
ناوچەکە خۆبەخشانە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدان.
بۆردمانەكانی توركیا لەكاتێكدایە كە چەند
مانگێكە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا راگەیەندراوە و دوای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە
27ـی شۆباتی ئەمساڵدا، پارتی كرێكرانی كوردستان (پەكەكە) دوانزەهەمین کۆنگرەی خۆی
بەست و خۆی هەڵوەشاندوەتەوە، بەڵام رێژەی بۆدومانی سوپای توركیا بۆ سەر گەریلاکان
زیاتر بوە و هەموو هێرشەکانیش لە سنوری پارێزگای دهۆکن و بە دیاریکراوی لە قەزای
ئامێدی.
بەپێ ڕاپۆرتی تیمی کوردستانی عێراقی CPT, سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا، (510) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی
کوردستان ئەنجامداوە، بەمەش ڕێژەی بۆردوومانەکان لەو مانگەدا، بە ڕێژەی (143٪) بە
بەراورد بە مانگی نیسان زیادیکردووە و بە ڕێژەی (232٪) بە بەراورد بە مانگی ئادار
زیادیانکردووە.
سەرجەمی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا،
بۆ سەر پارێزگای دهۆک بووە و تەواوی هێرشەکان بۆ سەر قەزای ئامێدی لەو پارێزگایەدا
چڕکراونەتەوە. بەشێوەیەک (98٪)ی بۆردوومانەکان بۆسەر قەزای ئامێدی بوون و (2٪)ی بۆردوومانەکان
بۆ سەر قەزای زاخۆ بوون.
سەرجەمی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە ساڵی
2025دا، (1,014) هێرش و بۆردوومانە و زۆرترین هێرشیش کە لە ڕۆژێکدا تۆمارکرابێت،
(94) هێرشە کە لە ڕۆژی 12ـی ئایار، ڕۆژی ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، تۆمارکراوە.
