فوئاد سدیق
لەگەڵ یەكەم خۆرەتاوی مێژوودا، لەو شوێنەی یەکەم
تروسکایی ژیریی مرۆڤایەتی گەشایەوە و یەکەم خشتی شارستانیەت لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا
دانرا، نەتەوەیەک ڕیشەی داکوتاوە کە تەمەنی بەقەد تەمەنی چیای زاگرۆس و خوێنی
بەقەد ئاوی دیجلە و فورات کۆنە. ئەم نەتەوەیە ناوی کورد ە، كورد میراتگری
ڕەسەنی ناوچەی میزۆپۆتامیایە کە دەبوو وارسی شکۆی سۆمەر و درێژەپێدەری حیکمەتی سۆمەرییەكان
بێت، بەڵام بە شێوەیەکی دژ بەیەك و ناكۆك بە یەكدی، مێژووەکەی پڕ بووە لە داستانی تراژیدی؛
ئەو داستان و چیڕۆكانەی تیایدا پاڵەوانەکان شمشێرەکانیان لەبری دوژمن، سکی یەکتری پێ
هەڵدەدڕن. ئەم نووسینە گێڕانەوەیەکی سادەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ نەشتەرگەرییەکی
فکریی قووڵ بۆ جەستەیەکی بریندار كە خوێنی لەبەر دەڕوا، بۆ تێگەیشتن لەو کرمەی کە
هەزار ساڵی رەبەقە لە ناخییەوە کلۆری كردووە و ناهێڵێت ببێتە دارێکی بەهێز.
ئەم تراژیدیایە، وەک هەر کارەساتێکی گەورە،
لەسەر چەند کۆڵەکەیەکی لەرزۆک وەستاوە: ریشەیەكی فەلسەفیی قووڵ، پێکهاتەیەکی
کۆمەڵایەتیی شێواوو، گەمەیەکی سیاسیی دەرەکیی بێبەزەییانە. ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی فەلسەفییەوە
لێی بڕوانین، پرسیارێکی بوونگەرایانەی گەورە دێتە پێشەوە: ئایا ئەم خۆخۆرییە
نەفرەتێکی ئەزەلییە کە وەک چارەنووسێکی حەتمی بەسەر ئەم نەتەوەیەدا سەپێنراوە، یان
زنجیرەیەک هەڵبژاردنی کارەساتبارە کە نەوە لەدوای نەوە، بە ئاگایی یان بێ ئاگایی،
دووبارەی دەکەنەوە؟ وادیارە لەدوای بەهەشتە لەدەستچووەکەی سەردەمی سۆمەرەوە، کورد
تووشی نەفرەتی هەڵبژاردنی من بووە بەسەر ئێمە دا. ئەمە تراژیدیایەکی وجودییە کە
تێیدا دوژمنی هەرە گەورەی کورد، زۆرجار وێنە شەکەت و شکاوەکەی خۆی بووە لە
ئاوێنەکەدا. برا بووەتە جەللادی برا و ئامۆزا بووەتە ڕاوکەری ئامۆزا، نەک لەبەر
ڕقێکی دەرەکی، بەڵکو لەبەر ئەو بۆشاییە ڕۆحییەی کە دەبوو بە خۆشەویستیی نەتەوەیی
پڕ بکرێتەوە، کەچی بە تەماحی دەسەڵات پڕ کراوەتەوە.
ئەم نەخۆشییە فەلسەفییە، لە پێکهاتەی
کۆمەڵناسیدا خۆی بەرجەستە کردووەو ڕەگی داکوتاوە. سیستەمی میرنشینی و عەشیرەتگەری،
کە بۆ هەزار ساڵە تاکە فۆرمی دەسەڵاتدارێتیی کوردی بوو، لەسەر بنەمای وەلائی كەسیی
بۆ میر و سەرۆک خێڵ دامەزرابوو، نەک لەسەر بنەمای وەفای نیشتمانی بۆ خاک و نەتەوە.
هەر خێڵێک و میرنشینێک خاک و نەتەوەی خۆی هەبوو، کە سنوورەکەی لە سنووری
بەرژەوەندییەکانی خۆی تێپەڕی نەدەکرد. كورسی دەسەڵات سێوێکی ئاڵتوونی بوو، بەڵام
بەدەستهێنانی پێویستی بە خوێنڕشتن و کوشتنی ڕکابەرەکان بوو. کێشەی هەرە کوشندە و
سەرچاوەی خوێنڕێژییە نەبڕاوەکە، پرسی میراتگری بوو. بەهۆی نەبوونی یاسایەکی
سەقامگیر و دامەزراوەیی بۆ گواستنەوەی دەسەڵات، شمشێر دەبووە دادوەری کۆتایی. هەر
میرێک کۆشکێکی دروستدەکرد و دیزاینی میۆنشینییەكەی خۆی دەكێشاو ،بادلۆو بناغەی لێدەدا،
میراتگرەکەی ناچار بوو بە خوێنی برا و ئامۆزاکانی ئەو بناغەیە دابپۆشێت. ئەمەش
بووە هۆی دروستبوونی مێژوویەکی پچڕپچڕ؛ مێژوویەک کە تێیدا بونیادنانەکان قەت
کەڵەکە نابن، چونکە هەر نەوەیەک لەسەر وێرانەی نەوەی پێش خۆی دەست پێدەکاتەوە.
وەفای سەرۆک خێڵەکانیش لە بازاڕی بەرژەوەندیدا کاڵایەکی هەرزان بوو؛ بە بەڵێنی
لەوەڕگایەکی فراوانتر یان چەند کیسە زێڕێک، دڵسۆزی دەکڕدرا و دەفرۆشرا. بۆیە
کودەتا لەم سیستەمەدا، یاخیبوونێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو پرۆسەیەکی ئاسایی کڕین و
فرۆشتنی ویژدان و ئەخلاق و وەفا بوو.
ئەم زامە ناوخۆییە قووڵە، خوانێکی ڕازاوە و
دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ زلهێزە دەرەکییەکان. مامۆستا کارامەکانی گەمەی شەتڕەنج لە
ئەستەنبوڵ و ئەسفەهان (دواتریش تاران و ئەنقەرە)، میرە کوردەکانیان وەک سەربازی
پیادەی بەردەستی خۆیان لە گەمە گەورەکەی خۆیاندا بەکاردەهێنا. کاتێک دوو میرزادەی
برا یان ئامۆزا لەسەر تەختێک چاویان لە یەکتری سوور دەکردەوە، لە جیاتی پەنابردن
بۆ حیکمەتی پیرانی شاخ، یەکێکیان کڕنۆشی بۆ شکۆی سوڵتان دەبرد و ئەوی تریان سوژدەی
بۆ گەنجینەی شا دەبرد. ئەم پەنابردنە، فرۆشتنی کەرامەتی شاخەکان بوو بە نرخی کاتیی
تەختێک. ئەوانیش بە پەلە داوی مەرگیان بۆ ڕادەخستن؛ بەڵێنی سەربازی و زێڕیان
پێدەدان، کە لەڕاستیدا جامێک ژەهری شیرین بوو. سیاسەتی کلاسیکی و نەگریسی پەرتکە و
زاڵ بە(Divide and
Conquer) لە
جوگرافیای کوردستاندا گەیشتە لووتکەی کارایی خۆی. شمشێری کورد بە دەستی بێگانە تیژ
دەکرا، تەنیا بۆ ئەوەی گەرووی کوردی پێ ببڕدرێت. بەمشێوەیە، شەڕی ناوخۆیی لە
کێشەیەکی بنەماڵەییەوە گۆڕدرا بۆ تراژیدیایەکی سیاسیی گەورەتر و ماڵی کورد بە
دەستی کوڕەکانی خۆی دەڕووخێنرا. میرە سەرکەوتووە ماندوو و بێهێزەکەش، لە کۆتاییدا
دەبووە کۆیلەیەکی منەتباری دەستی ئاغاکەی.
بۆ دۆزینەوەی شوێنپێی یەکەمین خەنجەر و
تێگەیشتن لە ڕەگی ئەم دارە نەفرەتییە، دەبێت وەک شوێنەوارناسێک بگەڕێینەوە بۆ
هەزار ساڵ لەمەوبەر، بۆ ناو دڵی یەکێک لە شکۆمەندترین و بەهێزترین میرنشینەکانی
کورد كە دەوڵەتی مەڕوانی یە. لە قەڵای سەخت و بەردینی دیاربەكر، میری مەزن، نەسرەت
دەولە (ئەحمەدی کوڕی مەڕوان)، بۆ ماوەی نزیکەی نیو سەدە، میرنشینەکەی گەیاندە
ترۆپکی زێڕینی ئاوەدانی، هێز و شارستانیەت. لە سەردەمی ئەودا، دیاربەكر ببووە
مەکۆی زانایان و شاعیران، بازاڕەکانی قەرەباڵغ و کاروانسەراکانی پڕ لە ژیان بوون.
وا دەهاتە بەرچاو کە کورد دواجار توانیویەتی خەونە دێرینەکەی بهێنێتە دی و ببێتە
خاوەنی دەوڵەتێکی بەهێز. نەسرەت دەولە، پێش ئەوەی چاوەکانی بۆ هەمیشەیی لێکبنێت،
وەک هەر باوکێکی دڵسۆز، ویستی ڕێگاکە بۆ نەوەکانی خۆش بکات. کوڕەکەی، نیزام ی وەک
میراتگری خۆی دەستنیشانکرد، بەو هیوایەی ئەو چرایەی هەڵیکردووە، هەر بە گەشی
بمێنێتەوە.
بەڵام مەرگ، هەمیشە کلیلی دەرگای ئەو ژوورە تاریكانە
دەکاتەوە کە شەیتانی دەسەڵات تێیدا خۆی حەشارداوە. هەر کە هەواڵی کۆچی دوایی نەسرەت
دەولە لە ساڵی ١٠٦١ ز منارەی
مزگەوتەکانەوە بڵاوبووەوە، لە جیاتی ئەوەی خەم و پرسە باڵ بەسەر وڵاتدا بکێشێت،
شەڕەنگێزی و تەماح لە قووڵایی کۆشکەکانەوە سەریانهەڵدا. سەعید، کوڕە گەورەکەی
نەسرەت دەولە، کە لە مەییافارقین حاکم بوو، وەسوەسەی تەختی پاشایەتی وایلێکرد
وەسیەتی باوکی و پەیمانی برایەتی بخاتە ژێر پێ. ئەو خوێنەی لە دەمارەکانیدا لەگەڵ
نیزامی برایدا هاوبەش بوو، لەبەرامبەر ئارەزووی کورسیی دەسەڵاتدا سارد بووەوە.
کودەتای کرد و یەکەمین تراژیدیای گەورەی تۆمارکراوی براکوژی لە مێژووی کورددا
دەستیپێکرد. شەڕی نێوان سەعید و نیزام،
تەنیا شەڕی دوو میرزادە نەبوو، بەڵکو شەڕی من ی خۆپەرستانە بوو دژی ئێمە ی
نەتەوەیی. بۆ چەندین ساڵی ڕەبەق، دووکەڵی ئاگری ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە ئاسمانی
میزۆپۆتامیایتەنییەوە.
ئەو قەڵا پڕ شكۆیەی کە ڕۆژگارێک دوژمنانی دەلەراند، لە ناوەوە وەک دارێکی
کلۆرخواردوو پووکایەوە. لاشەکەی هێشتا لەسەر پێ بوو، بەڵام ڕۆحی تێدا نەمابوو.
ئیدی کاتی هاتنی سێقەجان ەکان بوو. سوڵتانی سەلجووقی، ئەلب ئەرسەلان، کە لە
دوورەوە بۆنی ئەم لاشە بێگیانەی دەکرد، بە ئاسانی هێرشی کردە سەر و لە ساڵی ١٠٨٥دا
کۆتایی بەو دەوڵەتە هێنا کە دەیتوانی ببێتە ناوکی ئیمپراتۆریەتێکی کوردی. قەڵای
ئامەد نەڕووخا چونکە دوژمن زۆر بەهێز بوو، بەڵکو ڕووخا چونکە کوڕەکانی ماڵەکە
خۆیان ستوونەکانیان شکاندبوو.
ئەمە چیرۆکی هەزار ساڵ لەمەوبەرە، بەڵام وەک
ئەوە وایە دوێنێ نووسرابێتەوە. لەو ڕۆژەوە، ئەو تۆوەی کە لەسەر خاکی ئامەد بە
خوێنی سەعید و نیزام ئاو درا، بووەتە دارێکی گەورەی دڕکاوی کە ڕیشەکەی بەناو هەموو
جەستەی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە. هەر جارێک کورد ویستوویەتی هەنگاوێک بەرەو پێشەوە
بنێت، دڕکی ئەم دارە نەفرەتییە بەرۆکی گرتووە. لە سەردەمی میرنشینەکانی بادینان و بابان
و سۆرانەوە تا شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم و دابەشبوونە ئایدیۆلۆژییەکانی ئەمڕۆ، هەمان
شانۆگەریی تراژیدی دووبارە دەبێتەوە؛ تەنیا ئەکتەرەکان و دیکۆرەکان دەگۆڕێن،
ئەگینا چیرۆکەکە هەر هەمان چیرۆکی دوو براکەی مەڕوانییە.
مێژووی کورد وەک ئاوێنەیەکی گەورە و شکاو وایە.
هەر پارچەیەکی، شکۆیەکی تێدا بەدی دەکرێت، بەڵام وێنە گشتییەکە، وێنەیەکی لەتبوو و
پارچەپارچەیە. تراژیدیای ئێمە تەنیا لە خیانەتی ڕابردوودا نییە، بەڵکو لە
نەخوێندنەوەی ئەم مێژووە و دووبارەکردنەوەی هەڵەکانە بە شێوازی نوێ. تا ئەو ڕۆژەی
نەچینە ناو قووڵایی ئەم زامانەوە و دان بەو ڕاستییە تاڵەدا نەنێین کە گەورەترین
دوژمن لە دەرەوە نییە، بەڵکو لەو من ە ناوەکییەدایە کە ئامادە نییە ببێتە ئێمە،
ئەم خوێنە لە رژان هەر بەردەوام دەبێت، تەنانەت ئەگەر شمشێرەکان ببنە قەڵەم و
قەڵاکانیش ببنە پارت و ڕێکخراو. چارەسەر لە تێگەیشتنی ئەم نەفرەتەدایە؛ لەو
ساتەوەختەدایە کە تێدەگەین کلیلی بەهەشتی ئایندەمان، لە ناشتنی تەرمی من و
ژیاندنەوەی ڕۆحی ئێمەدایە.
مێژووی کورد شانۆگەرییەکی تراژیدیی
دووبارەیە. سیناریۆکەی هەزار ساڵ لەمەوبەر لە دیاربەكر بە خوێنی براکان
نووسراوەتەوە، دیکۆرەکەی چیای سەخت و قەڵای بەردینە، بەڵام ئەکتەرەکانی لە هەر
وەرزێکدا بە ناوی جیاوازەوە هەمان ڕۆڵی کارەساتبار دەگێڕن. پەردە هەڵدەدرێتەوە:
میرێکی بەهێز، لەسەر بنچینەی خەونێکی گەورە، شکۆیەکی کاتی دادەمەزرێنێت. پاشان
مەرگ، وەک تاکە دادپەروەریی حەتمی، دێت و پەردە دادەداتەوە. کاتێک پەردە بۆ جاری
دووەم هەڵدەدرێتەوە، براکان و ئامۆزاکان لەسەر تەختە خوێناوییەکە، وەک گورگی برسی،
خەریکی پارچەپارچەکردنی میراتی باوکیانن. لە کۆتاییدا، کاتێک هەمووان ماندوو و
بریندارن، ئەکتەرێکی بێگانە بە بزەیەکی ژیرانەوە دێتە سەر شانۆکە، بە ئاسانی
پاشماوەی دەسەڵاتەکە کۆدەکاتەوە و پەردەی کۆتایی بەسەر خەونێکی تردا دادەداتەوە.
ئەمە تەنیا گێڕانەوەی ڕووداو نییە، بەڵکو شیکارییەکی دەروونییە بۆ ئەو گرێ
سیاسییەی کە وەک بۆماوەیەک لە ناخی دەسەڵاتدارێتیی کوردیدا لە نەوەیەکەوە بۆ
نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە.كە مێژووی ئەم رووداوانە هەزار ساڵی رەبەقە.
ئەو خەنجەرەی لە سەدەی یازدەهەمدا لە قەڵای
ئامەد لە پشتی نیزامی مەڕوانی چەقێنرا، تەنیا جەستەی میرزادەیەکی نەکوشت، بەڵکو
دەنگدانەوەکەی بووە ئەو مۆسیقا تراژیدییەی کە بۆ سەدان ساڵی دواتر، لە سەما
خوێناوییەکانی دەسەڵات لە کوردستاندا لێدەدرایەوە. ڕاستە چیرۆکی کارەساتباری
مەڕوانییەکان وەک یەکەمین دەقی تۆمارکراوی ئەم شانۆگەرییە دادەنرێت، بەڵام ئەو
ڤایرۆسە کوشندەیە، ڤایرۆسی "پێشخستنی من بەسەر ئێمەدا، زۆر کۆنتر بوو. لەگەڵ
هەر نمایشێکدا، زامەکە قووڵتر و تراژیدیاکەش تاڵتر دەبووەوە.
دەنگدانەوەی ئەو خەنجەرە ژەنگاوییە، پاش ٥٠٠
ساڵ، گەیشتە قەڵای ئامێدی. میرنشینی بادینان بووە یەکەمین شانۆ لە باشووری
کوردستان کە هەمان تراژیدیای تێدا نمایش کرا. لێرەشدا، میراتە شکۆمەندەکەی بەهرام
پاشای گەورە بووە قوربانیی یەکەم. ئەو میرەی کە میرنشینەکەی گەیاندبووە لوتکەی
هێز، بەڵام دوای مردنی، دوو کوڕەکەی، سەید خان و محەمەد پاشا، لە جیاتی پاراستنی
میراتەکە، کردیان بە بابەتی شەڕ. لێرەدا سیناریۆکە بە وردییەکی ترسناکەوە دووبارە
دەبێتەوە: میراتگری شەرعی دژی برایەکی تەماحکار کە پەنا بۆ هێزی دەرەکی (والیی
عوسمانیی موسڵ) دەبات. والیی موسڵ، وەک ئەکتەرە زیرەکەکەی پشت پەردە، ئاگری شەڕەکەی
خۆش كرد. دەرەنجام؟ میرنشینێک لە ناوەوە کلۆر بوو بووە پاروویەکی ئاسان بۆ
داگیرکەر.
ئەگەر هەردوو چیرۆکی كارەساتباری مەڕوانی دیاربەكرو بادینان وەک پێشەکییەک وابن، ئەوا ڕووخانی
میرنشینی بابان، کە بە پایتەختی براکوژی ناسراوە، لووتکەی دراماتیکی و خەمناکترین
بەشی شانۆگەرییەکەیە. لێرەدا، سروشت (یان مێژوو) هەموو ئەکتەر و هۆکارە
پێویستەکانی لە یەک شوێن و یەک کاتدا کۆکردبووەوە بۆ ئەوەی خەمناکترین و
کاریگەرترین چیرۆکی ڕووخان نمایش بکات. پاڵەوانی نیشتمانپەروەر ئەحمەد پاشا، برا و
ئامۆزای خائین عەبدوڵڵا پاشا و دوژمنی دەرەکیی زیرەک (دەوڵەتی عوسمانی). والیی
بەغدا، بۆ ڕووخاندنی ئەحمەد پاشای بوێر، پەنای بۆ کۆنترین چەکی دژ بە کورد برد كە
براكەی خۆی بوو. عەبدوڵڵا پاشا، لەپێناو بەڵێنێکی درۆیینەی تەختی سلێمانیدا، بووە
کلیلی کردنەوەی دەرگای قەڵاکەی بۆ دوژمن. کاتێک سوپای عوسمانی لە ساڵی ١٨٥٠دا
هێرشی کرد، ئەحمەد پاشا تەنیا شەڕی سوپایەکی گەورەی نەدەکرد، بەڵکو شەڕی ئەو
خەنجەرەشی دەکرد کە لە ناوخۆوە لە پشتی درابوو.
لێرەدا
پرسیارە فەلسەفییەکە
دێتە پێشەوە: کێ بابانی ڕووخاند؟ لە ڕووی مێژووییەوە، عوسمانییەکان. بەڵام لە
ڕوویەکی قووڵترەوە، نەخێر. کۆتاییهێنەری سەرەکیی بابان، هەمان ئەو نەخۆشییە
دەروونی-سیاسییە بوو کە مەڕوانییەکانی دیاربەكری لەناوبرد: نەخۆشیی خۆ بەزلزانیی
تاکەکەسی و بنەماڵەیی لەسەر حیسابی چارەنووسی گشتی. عوسمانییەکان تەنیا جەللادەکە
بوون، حوکمی لەسێدارەدانەکە لەناو کۆشکی میرەکاندا دەرکرابوو.
بەڵام لەناو ئەم شانۆگەرییە تاریکەدا، هەندێک جار چرایەک
دادەگیرسێت کە بۆ ساتێکیش بێت، ڕووناکییەک دەبەخشێت و چیرۆکێکی جیاواز دەگێڕێتەوە.
داستانی دوازدە سوارەی مەریوان ئەو چرایەیە. ئەم داستانە تەنیا گێڕانەوەی
قارەمانێتییەکی خوێناوی نییە، بەڵکو دەرخەری دوالیزمی خیانەت و ویژدان و وەفایە لە
ناخی کۆمەڵگەی کوردیدا؛ نیشاندەری هەموو نەخۆشییەکان و لە هەمانکاتدا، دەرخەری ئەو
خانە بەرگرییە ئەخلاقییە بەهێزانەیە کە لە قووڵاییدا هێشتا زیندوون.
شانۆی مەریوانیش هەمان دیکۆری خیانەتی هەیە:
حاکمێکی شەرعی (ئەحمەد بەگی کۆماسی) لەلایەن ئامۆزایەکی تەماحکارەوە (حەمە شین) و
بە پشتیوانیی دەرهێنەرێکی پشت پەردە (والیی سنە) بە خیانەت دەکوژرێت. تا ئێرە،
هەمان سیناریۆی دووبارەیە. بەڵام لێرەوە، کارەکتەرێکی چاوەڕواننەکراو، کڵاوزێڕ،
دێتە سەر شانۆ و ڕەوتی مێژوو دەگۆڕێت. کڵاوزێڕ، خێزانی
حاکمە کوژراوەکە، لە جیاتی ئەوەی ببێتە قوربانییەکی بێدەنگ و فرمێسک بڕێژێت،
شیوەنەکەی دەکاتە سوێندی تۆڵە و، فرمێسکەکانی دەکاتە ئاگر. ئەمە وەرچەرخانێکی
فەلسەفییە؛
ڕەتکردنەوەی چارەنووسی حەتمی ی ملکەچییە و هەڵبژاردنی ویستی ئازادی بەرگرییە. ئەو
تەنیا مێشکی داڕێژەری پلانەکە نییە، بەڵکو دەبێتە جەستە و ڕۆحی جوولانەوەکە. کاتێک
جلوبەرگی پیاوانە دەپۆشێت و دەبێتە سوارەی دوازدەهەم، شۆڕشێک لەناو شۆڕشەکەدا
بەرپا دەکات؛ شۆڕشێک دژی نەریتە چەقبەستووەكانی کۆمەڵایەتی و تابۆی ڕەگەزیی.
دوازدە سوارەکە، شۆڕشگێڕێکی سیاسی نەبوون کە
ئامانجیان گرتنەدەستی دەسەڵات بێت. ئەوان جەنگاوەری ئەخلاق بوون. ئامانجیان تەنیا
یەک شت بوو، ئەویش سڕینەوەی پەڵەی ڕەشی
خیانەت و گەڕاندنەوەی کەرامەت بوو. ئەوان دەیانزانی لە ڕووی سەربازییەوە شکست
دەهێنن،چونكە هێزەكان بەرانبەر نین. بەڵام دەیانویست سەرکەوتنێکی ئەخلاقیی نەمر
تۆمار بکەن. کۆتاییە تراژیدییەکەیان، کە تێیدا هەموویان دوای کوشتنی حاکمی
خیانەتکار شەهید دەبن، شکست نییە، بەڵکو لووتکەی پابەندبوونە بە پرەنسیپەوە.
مێژووی کورد لەماوەی هەزار ساڵی
رابردوویدا(ئەوەی مێژوو بۆمانی تۆمار كردووە)لەنێوان دوو سیمبولدا گیری خواردووە:
خەنجەری ژەنگاوی براکوژی و پرەنسیپ و
وەفاداری . خەنجەرەکە، سیمبولی نەخۆشییە سیاسی و دەروونییەکەیە کە وایکردووە قەوارەكانمان
لە ناوەوە بپووکێنەوە. بەڵام پرەنسیپی کڵاوزێڕ و دوازدە سوارە، سیمبولی ئەو ڕۆحە
بەرگریکارە ئەخلاقییەیە کە تەنانەت لە تاریکترین ساتەکانیشدا، ئامادەیە خۆی
بسووتێنێت بۆ ئەوەی ڕێگای ڕاستی ون نەبێت.
پرسیارە گەورەکە ئەوە نییە کەی سەردەکەوین،
بەڵکو ئەوەیە کەی لەم شانۆگەرییە دێینە دەرەوە. کەی تێدەگەین کە گەورەترین دوژمن
ئەو من ە تەماحکارەیە کە لە ناخماندایە؟ کەی فێر دەبین سیناریۆیەکی نوێ
بنووسینەوە؛ سیناریۆیەک کە تێیدا چرای وەفاداری ئەوەندە گەش بێت کە ئیتر سێبەری
خەنجەری خیانەت دەرنەکەوێت و، تێیدا ئێمە لە من گەورەتر و نیشتمان لە کورسی
پیرۆزتر بێت.
