ناسا ساڵی داهاتوو کەشتیوانی ئاسمانیی دەنێریتەوە بۆ دەوری مانگ

هەمەڕەنگ

26/09/2025‌ 226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمریکی (ناسا) ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی یەکەمین ئەرکی مرۆیی خۆی لە پڕۆژەی "ئارتیمیس"دا، کە بڕیارە چوار کەشتیوانی ئاسمانیی بنێرێتە گەشتێک بە دەوری مانگدا و دواتر بگەڕێنەوە سەر زەوی.

 ئەم ئەرکە، کە بە "ئارتیمیس 2" ناسراوە، ماوەکەی نزیکەی 10 ڕۆژ دەبێت و بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، ئەگەری هەیە لە مانگی شوباتی 2026 دەستپێبکات، ئەگەرچی ڕەنگە کاتی دەستپێکردنەکەی بگۆڕدرێت بۆ مانگی نیسان.

بەپێی گوتەی بەرپرسێک لە ناسا، کاتی دەستپێکردنی گەشتەکە پەیوەستە بە ئامادەیی تەواوی ئامێرەکان و ڕەچاوکردنی تەواوی ڕێکارەکانی سەلامەتی. لەم ئەرکەدا، مووشەکی گواستنەوەی قورسی Space Launch System (SLS) کە لەلایەن کۆمپانیای بۆینگەوە دروستکراوە، بەکاردەهێنرێت بۆ هەڵگرتنی ئاسمانەوانەکان.

ئەم ئەرکە هەنگاوێکی گرنگی ناسایە بۆ گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ سەر مانگ و دەستپێکی زنجیرەیەک گەشتی مرۆییە، کە بڕیارە تا ساڵی 2030 بە نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر ڕووی مانگ کۆتایی بێت. بە سەرکەوتنی ئەم ئەرکە، گەشتە مرۆییەکانی ئایندە بۆ مانگ و دواتریش بۆ مەریخ، ڕێگایان بۆ خۆش دەکرێت.

گرنگی ئەم پلانە لەوەدایە کە چین کە زلهێزێکی ڕکابەری ئەمریکایە، ئەویش ئامانجی ئەوەیە لە ساڵانی داهاتوودا تیمی مرۆیی ڕەوانەی سەر مانگ بکات و بنکەیەک لەسەر ڕووی مانگەکە دابمەزرێنێت. ئیدارەی ترەمپیش بەڕوونی پێشبینی "پێشبڕکێی دووەمی بۆشایی ئاسمان"ی کردووە، دوای ئەو پێشبڕکێیەی کە لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت لە سەردەمی جەنگی سارددا ڕوویدا.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە