شارپرێس:
ماڵپەڕی نور نیوز سەر بەعەلی شەمخانی سکرتێری پێشوی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاشكرایكرد، ناردنی فڕۆکەی شەڕکەرو فڕۆکەی تایبەت بەگواستنەوەی سوتەمەنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئەمریکاوە، نیشانەی ئەگەری هێرشی دوبارەیه بۆسەر ئێران.
ئەمڕۆ چوارشەممە ماڵپەڕهكه بڵاویكردوهتهوه، "ناردنی فڕۆکەکانی تایبەت بەگواستنەوەی سوتەمەنی بۆ ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە، هەڵگری ئەم پەیامە سیاسییە بۆ ئێرانە کە بژاردەی سەربازیی هەر وا لەسەر مێزە".
لەڕۆژانی ڕابردودا ئاژانسەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند، زیاتر لە 10 فڕۆکەی تایبەت بەسوتەمەنی لەجۆری "کەی سی 135"، لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئەمریکاوە بەرەو بنکەیەکی ئەم وڵاتە لەبهریتانیا بەڕێکراون، بەڵام دواتر ئاراستەکەیان بەرەو بنکەی سەربازیی "ئەلعودەید"ی قەتەر گۆڕیوە.
ئەمریکا چەند ڕۆژێك بەر لەهێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش چەند فڕۆکەیەکی لەمجۆرەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکردبوو.
ئاژانسی مێهری ئێران ڕۆژی دوشەممە سەبارەت بەناردنی ئەم فڕۆکە تایبەتانەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، ئەگەری هێرش بۆسەر ئێرانی ڕەتکردبوەوەو نوسیبوی، "ئەم باسانە تەنها پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندنەکاننو گوشار بۆسەر ڕوسیای بەهۆکاری ناردنی فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە زانیبوو".
