نێچیرڤان بارزانی: بەبێ ڕق و کینە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن

کوردستان

03/10/2025‌ 508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەیەكەم ڕۆژی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەیامێك ئاڕاستەی لایەنە سیاسیەكان دەكات و دەڵێت،" باهەموان ئازاد بن لەبانگەشە، بەڵام نابێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك ڕق و كینه بڵاو بكاته‌وه‌‌."


نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی ئاڕاستەی لایەنە سیاسیەكان و كردو ڕایگەیاند،" داوا لەهەموو لایەنەکان دەکەم، پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بن، بانگه‌شه‌یه‌كی شارستانی‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبوڵكردن و فره‌ڕه‌نگیی پێكهاته‌كانی كوردستان بێت و نه‌بێته‌ هۆی گرژی و دابه‌شكردن و بێزاركردنی كۆمه‌ڵگه و تێكدانی ئارامیی هاوڵاتییان."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، خه‌ڵكی كوردستان،"ده‌بێت وەک كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی، ململانێیه‌كی شارستانی له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌ ببات. كاندیدبونی ئافره‌ت زۆر گرنگ و بایه‌خداره‌، ده‌بێت ناو و پێگه و رێز‌ی پارێزراو بێت، هه‌روه‌ها ده‌بێ رێز له‌هێما و پیرۆزییه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كان بگیرێت، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش پیشه‌ییانه‌ و بێ جیاوازی ئه‌ركی خۆیان له‌پاراستنی هه‌موان جێبه‌جێ بكه‌ن."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "دواجار هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌چنه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی فیدراڵ، ئامانجیان خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستان و عێراقه‌، ده‌بێ بزانن كه به‌یه‌كڕیزی و ته‌بایی و پێكه‌وه‌یی، ده‌توانن خزمه‌تی باشتری ئێستاو داهاتوی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بكه‌ن و ماف و ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بپارێزن. بۆیه‌ نابێ له‌بانگه‌شه‌دا كارێكی وا به‌رانبه‌ر به‌ یه‌كتر بكه‌ن كه‌ سبه‌ی نه‌توانن پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن." 
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمشەو لەدوای كاتژمێر دوانزەی شەو، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكرد.