شارپرێس:
دواى هۆشدارییه تونده‌كه‌ى وه‌زیرى جه‌نگى ئه‌مریكا بۆ عێراق، ڕێبه‌رى باڵاى كۆمارى ئیسلامى ئێران په‌یامێكى جیاواز ئاراسته‌ى واشنتۆن ده‌كات، ده‌شڵێت، "واز له‌پشتیوانییه‌كان بۆ ئیسرائیل بهێنه، بیر له‌هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌كه‌ینه‌وه".
عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵاى کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌په‌یامێكدا كه میدیاى ئه‌و وڵاته بڵاویكردوه‌ته‌وه ده‌ڵێت، "ئەگەر ئەمریکا بەتەواوی واز لەپشتیوانیكردنى ئیسرائیل بهێنێت‌و سەربازەکانی لەم ناوچەیە بکشێنێته‌وه‌و دەست لەدەستتێوەردان لەم ناوچەیە هەڵبگرن، ئەوکاتە دەکرێت بیر دەستپێکردنی هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بکەنەوە".
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه، ئیسرائیل گروپه چه‌كداره‌كانی عێراق به‌یه‌كێك له‌ئاڵنگارییه‌كی به‌رده‌م خۆیی‌و پڕۆژه‌كانی ده‌بینێت، به‌تایبه‌ت له‌دوای 7ی ئۆكتۆبه‌ری 2023وه.
میدیا ئیسرائیلییه‌كان له‌ڕاپۆرته‌كانیاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردوه، به‌رپرسانی باڵای سه‌ربازیی‌و ئه‌منی ئیسرائیل له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدان بۆ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو كه له‌عێراقه‌وه ده‌ستپێده‌كات.
میدیای نزیك له‌حكومه‌تی ئیسرائیل بڵاویكردوه‌ته‌وه، ده‌زگای هه‌واڵگریی‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سه‌ربازیی باكور، ژماره‌یه‌ك چالاكی دوژمنكارانه‌یان ده‌ستنیشانكردوه، كه له‌عێراقه‌وه دژ به‌ئیسرائیل ئاراسته‌كراون.
