شارپرێس:
جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و باڵیۆزی نوێی
ئەنقەرە لە سووریا، نووح یڵماز، ئەمرۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە حکوومەتی راگوزەری
سووریا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گفتوگۆدایە بە ئامانجی دۆزینەوەی
چارەسەرێکی دیپلۆماسی.
یڵماز، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی
"تی ئاڕ تی"ی تورکی، جەختی کردەوە کە "ئەنقەرە هەر چارەسەرێک قبووڵ
دەکات کە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروست نەکات"، بەڵام لە وەرگرتنی
ڕێوشوێنی پێویست سڵ ناکاتەوە ئەگەر مەترسییەکی ڕاستەقینە هەبێت.
تورکیا سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی سووریا بە
ئەولەوییەتی ستراتیژی دەزانێت، بەوپێیەی هەر ڕووداوێک لەوێ ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر
تورکیا، چ لە ڕووی تیرۆرەوە بێت یان بەهۆی بوونی نزیکەی سێ ملیۆن پەنابەری سووری لە
ناو خاکی تورکیادا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە دۆسییەی سووریا فرە
ڕەهەندە و بوارەکانی وەک کۆچ، ئاسایش، بەگژداچوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، و کێشە سەربازی
و هەواڵگرییەکان دەگرێتەوە.
راشیگەیاندووە کە پێی وایە "ئاشتی لە
سووریا دەبێتە هۆی سەقامگیرییەکی هەمەلایەنەی هەرێمایەتیی".
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی