وەزارەتی دەرەوەی توركیا: بەیاننامەكەی بارەگای بارزانی هەم لەناوەڕۆک و هەم لەزمانەکەیدا جێگای قبوڵ نییە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1434 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت،  ئەو بەیاننامەیەی لەلایەن نوسینگەی وتەبێژی سەرکردایەتی بارزانیەوە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپەی كردوەتە ئامانج، هەم لەناوەڕۆک و هەم لەزمانەکەیدا جێگای قبوڵ نییە.


وەزارەتی دەرەوەی توركیا داوا لەسەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، سەبارەت بەم لێدوانە بێڕێزی و ئیستفزازییە، کە تۆمەتی بێ بنەمای تێدایە، ڕونکردنەوەی بخاتەڕوو و بەپەلە رێوشوێن لەبەرامبەر بەرپرسیارانی بگرێتەبەر.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر، بارەگای بارزانی لەڕاگەیەنراوێکدا وتی،" ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و  وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا ".

بارەگای بارزانی باسی لەوەکردوە،" بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە هەموو عورفێک و خزمەتی هیچ لایەک ناکات ".