سەدر هۆشداری توند دەداتە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 15435 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
موقتەدا سەدر لەپەیامێکدا هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەکان ململانێکانیان وەلا بنێن و داواش لەهەرێمی کوردستان دەکات دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لەدۆخی سوریا نەکەن.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعەکان لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوەو نوسیویەتی،" قسەکردن لەگەڵتان ئازارم دەدات، بەڵام عێراق لەئێوە ئازیزترو بەنرخترە".

سەدر داوا لەلایەنە سیاسییەکان دەکات ململانێکانیان ڕاگرن و ئاوڕێک لەو مەترسییانە بدەنەوە لەدەوریان دەخولێنەوە، چونکە وەکو ئەو دەڵێت،"خوا و مێژوو ڕەحمتان پێ ناکەن ئەگەر عێراق لەدەست بدەن".

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر ڕوو دەکاتە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە خۆی بەهێزەکانی باکوری عێراق ناوی هێناون و دەڵێت،" ئامۆژگاریی هێزە سیاسییەکانی باکوری عێراق دەکەم دەستوەردانی ڕاستەوخۆ نەکەن، چونکە ئەوە دەبێتە پاساو بۆ تیرۆر تاوەکو خاکی عێراق و پیرۆزییەکانمان پێشێل بکەن".

لەبارەی بەپێشهاتەکانی سوریا ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت،" ئەوەی لەسوریاو نزیک سنورەکانی عێراق ڕودەدات، بابەتێک نییە بەسادەیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵکو دەبێت زۆر بەجیدی وەربگیرێت".
  
سەدر پەیامەکەی بەنزاکردن بۆ پاراستنی عێراق و سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا لەمەترسیی توندڕۆیی کۆتایی پێهێناوەو هاشتاگێکی نوێی بەکارهێناوەو نوسیویەتی، "عێراق لەئەستۆتانە"