دەربەندیخان –
شارپرێس
بەهۆی کاریگەری
ئەو شەپۆلە بەفربارینەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی
قەزای دەربەندیخان هۆشداری دەدەنە شۆفێران و رایدەگەیەنن کە رێگاکانی سنورەکە بەهۆی
شەختە و بەستنەوە مەترسیدارن.
جاسم عەلی خان،
بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان لە لێدوانێکی بۆ شارپرێس رایگەیاند: "رێگای
چنارە لە ئێستادا مەترسیدارە و پێویستە شۆفێران بەوپەڕی ئاگادارییەوە هاتوچۆ بکەن."
ئاماژەی بەوەش
کرد کە بەهۆی نزمبونەوەی پلەکانی گەرما، رێگاکە دەبێتە شەختە و دەیبەستێت، ئەمەش دەبێتە
هۆی خلیسکانی ئۆتۆمبێلەکان و دروستبونی روداوی نەخوازراو.
لە لایەکی دیکەوە،
سلێمان محەمەد سەعید، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: "تیمەکانی شارەوانی و
هاتوچۆ بە هەماهەنگییەکی تەواو کارەکانیان ئەنجامداوە و توانیویانە رێگاکە پاک بکەنەوە
و ئاسانکاری پێویست بۆ شۆفێران و هاوڵاتیان بکەن."
جێی ئاماژەیە، رێگای
(زەڕایەن – دەربەندیخان) کە رێگایەکی شاخاوی و سەختە، بەهۆی چڕی بەفربارینەوە بۆ
ماوەی چەند کاتژمێرێک بەڕوی شۆفێراندا داخرا، بەڵام دواتر بە هەوڵی تیمەکانی حکومەت
رێگاکە کرایەوە.
لە کۆتاییدا، لایەنە
پەیوەندیدارەکان هۆشداری دەدەنە شۆفێران کە بۆ ئەمشەو هاتوچۆکردن لەو رێگایەدا مەترسیدارە،
داوا دەکەن تەنها بۆ کاری زۆر پێویست رێگاکە بەکاربهێنن و پابەندی ڕێنماییەکانی
هاتوچۆ بن بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و سەرنشینەکان.
