ئاسایشی حەسەکە: دۆخی ئەمنیی شارەکە جێگیرە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئامادەباشیی تەواودان

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 131 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زوهێر مەعیش، ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) لە شاری حەسەکە، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ڕایگەیاند، کە دۆخی ئەمنیی شاری حەسەکە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدایە.


مەعیش ڕوونی کردۆتەوە کە هێزەکانی ئاسایش لە هەموو شوێنەکانی شارەکەدا بڵاوەیان پێکراوە و لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، بەتایبەتی لەسەر بازگە و خاڵە ئەمنییەکان، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و دەستەبەرکردنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.

مەعیش ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ناسەقامگیری دۆخی ئەمنیی شاری حەسەکە و دەوروبەری دەکەن و جەختی کردەوە کە ئەم بانگەشانە دوورن لە ڕاستییەوە و هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە و ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر شانەیەک یان هەڕەشەیەک کە ئاسایشی ناوچەکە بکاتە ئامانج.

سەبارەت بە شانە نوستووەکان، مەعیش ئاماژەی بە بوونی هەوڵی دزەکردن بۆ ناو شارەکە کرد، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە هاوکاری هاووڵاتییان کە بەشدارن لە پاراستنی گەڕەکەکانیان، توانیویانە ئەو هەوڵانە پووچەڵ بکەنەوە و دەستبەجێ مامەڵەیان لەگەڵ بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزە ئەمنییەکان سەدان ئەندامی شانە نوستووەکانیان دەستگیرکردووە کە هەوڵیان دەدا ئاسایش و سەقامگیری تێکبدەن.

لە کۆتاییدا، زوهێر مەعیش ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری حەسەکە ڕایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردن چەندین ناوچەی گرتۆتەوە، لەوانە گەڕەکەکانی غوێران، نەشوە و غەزەل، و جەختی لە بەردەوامیی هەوڵە ئەمنییەکان کردەوە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری شاری حەسەکە و دەوروبەری.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی