شارپرێس:
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست"، ڤلادیمێر پوتن لەئێستادا لەنێوان دوو بژاردەی تاڵدایە، بەردەوامبون لەجەنگێکی پڕ تێچوو یان ڕوبەڕوبونەوەی ئاشتییەک کە ڕەنگە کۆتایی بەدەسەڵاتەکەی بهێنێت، پوتن لە"کابوسێکی دەستکردی خۆیدا" گیربوەو وادیارە ترسی لەئاشتی زیاترە وەک لەجەنگ.
لەکاتێکدا سوپای سور لەجەنگی جیهانیی دوەمدا توانیی لەماوەی چوار ساڵدا ههزارو 600 کیلۆمهتر ببڕێتو بگاتە بەرلین، سوپاکەی پوتن لەماوەی چوار ساڵی جەنگی ئۆکرانیادا تەنها 60 کیلۆمهتر لەهەرێمی دۆنێتسک پێشڕەویکردوە، ڕوسیا ئێستا زیاتر لەوەی سەرباز رەوانە بکات، سەرباز لەدەستدەدات.
دابەزینی ورە، کەمیی ڕاهێنانو بڕینی خزمەتگوزارییەکانی ستارلینک بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان، وایکردوە سەرکەوتنی سەربازیی ببێتە خەونێکی دورەدەست.
ئابوریی ڕوسیا بوهتە ئابورییەکی سەربازییو 8%ی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ جەنگ تەرخاندەکرێت.
پوتن بۆ ڕاکێشانی سەرباز، پشت بەپارە دەبەستێت نەک نیشتمانپەروەریی؛ پاداشتی ناونوسین بەبڕی 0.5 ملیۆن ڕۆبڵ زیادیکردوەو گەیشتوەتە 2.43 ملیۆن ڕۆبڵ (نزیکەی 32 هەزار دۆلار)، کە ئەمەش 90%ی کورتهێنانی بودجەی فیدراڵی پێکدەهێنێت، وەستانی جەنگو گۆڕینی ئاراستەی ئابوریی لەسەربازییەوە بۆ مەدەنی، دەبێتە هۆی سستبونێکی قووڵی ئابوریی کە ڕەنگە ڕوسیا بەرگەی نەگرێت.
مێژوی ڕوسیا نیشانیداوە کە سەربازە ناڕازییەکان دەبنە هەڕەشە بۆسەر ڕژێمەکان، وەک ئەوەی لەساڵی 1917و هەروەک دوای جەنگی ئەفغانستان لەهەشتاکاندا ڕویدا. گەڕانەوەی هەزاران سەربازی بریندارو بێزار لەجەنگێکی بێ ئاسۆ، دەتوانێت سەقامگیریی ناوخۆیی تێکبداتو ببێتە بزوێنەری شۆڕشێکی نوێ.
هەرچەندە خەڵکی ڕوسیا لەسەرەتادا پێشوازیی لەئاشتی دەکەن، بەڵام دواتر پرسیاری جدی دەربارەی تێچوە مرۆییەکانو لەدەستدانی سەروەتو سامانی وڵاتو سپاردنی 5.1 ترلیۆن ڕۆبڵ بۆ جەنگ دەستپێدەکات.
پوتن دەترسێت لەوەی دوای جەنگ، ڕوسەکان هەست بەو سوکایەتییە بکەن کە وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی شارستانییەتەکەی بەتەواوی کەوتوهتە ژێر سایەی چین بۆ پاڵپشتی داراییو سەربازیی.
پوتن ناتوانێت دەستبەرداری جەنگ بێت، چونکە ئاشتی بۆ ئەو وەک خۆکوژییەکی سیاسیی وایەو ئەو تێگەیشتوە کە واشنتۆن ئەو خاکەی پێنادات کە بەهێز نەیتوانیوە بیگرێت، بۆیە بەردەوامیی جەنگ، سەرەڕای تێچوەکانی، تاکە ڕێگەیە بۆ دواخستنی کاتی لێپرسینەوەو ڕوخانی ڕژێمەکەی.
