شارپرێس:
لەهەنگاوێکی نوێدا کە ئومێدی بۆ کۆتاییهێنان بەتەنگژەکان گەڕاندەوە، دوێنێ هەینی قۆناغێکی نوێ لەڕۆژئاوای کوردستانو سوریا دەستیپێکرد، هێزەکانی ئاسایش لەچوارچێوەی پرۆسەی یەکگرتنەوەیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سوریا، لەڕۆژهەڵاتو باشوری کۆبانێ بڵاوەیان پێکرا.
دیمەنی گەیشتنی هێزەکانی ئاسایش بۆ گوندەکانی (خراب عەشک، جەلەبیەو ئەبوسەرە) تەنها جوڵەیەکی سەربازیی نەبوو، بەڵکو گوزارشت بوو لەجێبەجێکردنی کردەیی ڕێککەوتنی سیاسیی، هاوکات، وهفدێكى باڵای ئەمنی لەپارێزگای حەلەبەوە گەیشتنە ناو جەرگەی کۆبانێو لەگەڵ سەرکردایەتی ئاسایش سەردانی بنکەو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسیان کرد بۆ دڵنیابونەوە لەئامادەیی تەکنیکیو کارگێڕیی بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان.
وهكو چالاكوانى سیاسیى كورد لهكۆبانێ باسیانكرد، کاریگەرییە هەرە گەورەکەی ئەو جوڵهیه ئهوهیه؛ هەفتەی داهاتوو گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ کە لە 20ی کانونی دوەمى ئهمساڵهوه بەردەوامە، بەتەواوی کۆتایی پێدێتو بڕیاریشوایه، هێزە سەربازییەکانی هەردولا (كوردو سوریا) بۆ سەربازگەکان پاشەکشە بکەنو سەرجەم ڕێگه سەرەکییەکان بەڕوی هاتوچۆی هاوڵاتیاندا بکرێنەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕاگهیهنراوێكى بڵاوكردوهتهوهو جهختدهكاتهوه، "ئامانج لەو هەنگاوانەى دهستیانپێكردوه، چەسپاندنی ئاسایشو دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی شەڕو دەستپێکردنی قۆناغی دامەزراوەیی.
