ڕاپۆرتێکی ڕوسی: ئەمریکاو بەریتانیا هەژمونیان لەناو وەزارەتی بەرگریی تورکیا هەیەو دەیانەوێت لەجەنگی ئێرانی تێوەبگلێنن
شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ڕۆژنامەی "ئیزڤێستیا"ی ڕوسی، ئەنقەرە لەکاتی پەرەسەندنی گرژییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی گەورە بووەتەوە لە پرۆسەی هاوسەنگکردنی نێوان جەمسەرە جیاوازەکانی هێز لە کاتی جەنگ لەگەڵ ئێراندا.
رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، تورکیا کە بە شێوەیەکی نەریتی هەوڵی داوە لەسەر دوو پەت یاریی بکات و بێلایەنی خۆی بپارێزێت، لە لایەکەوە هێرشەکان بە "ئیستفزازی نەتانیاهۆ" ناودەبات و نیگەرانی قووڵی خۆی دەردەبڕێت، لە لایەکی تریشەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و مەسعوود پزیشکیان بەردەوام دەکات.
ڤلادیمێر ئاڤاتکۆڤ، پسپۆڕی بواری سیاسی بە رۆژنامەکەی وتووە کە پێی وایە ئەم هەوڵانەی ئەنقەرە بۆ مانۆڕکردن و سەربەخۆیی سیاسی، لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ڕووبەڕووی فشار دەبێتەوە، چونکە واشنتۆن نایەوێت تورکیا بڕیاری سەربەخۆ بدات و ئیسرائیلیش دوای ئێران وەک ئامانجێکی گریمانکراو سەیری دەکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پەلکێشکردنی تورکیا بۆ ناو ململانێکان لە بەرژەوەندی ئەنقەرەدا نییە، بەڵام ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل کە هەژموونیان لە ناو وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هەیە، پاڵ بەو ئاراستەیە دەنێن.
هەروەک ئاڤاتکۆڤ ئاماژە بە گۆڕانکاری لە لێدوانەکانی ئێران دەکات، کە هۆشدارییان داوە ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لە هاوکارییە "ناڕەسمییەکانی" بۆ ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر خاکی ئێران، ئەوا دەبێتە ئامانجێکی هەمیشەیی بۆ مووشەکەکانی تاران.
ڕاپۆرتەکە هۆشداریی دەدات کە تورکیا لە ژێر فشارێکی زۆردایە و تێوەگلانی لەم یارییەدا، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی، دەکرێت دەرەنجامی زۆر مەترسیداری بۆ سەر ناوچەکە و داهاتووی وڵاتەکە هەبێت.
