لەچوارچێوەی جەنگ دژی ئێران.. ئەمریکا فڕۆکەی B-52 لەبنکەی سەربازیی "فێرفۆرد" جێگیر دەکات

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 253 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەمرۆ یەکشەممە دوو فڕۆکەی بۆمبهاوێژی جەنگیی تری جۆری B-52ی ئەمریکی لە بنکەی فێرفۆردی بەریتانیا نیشتنەوە، بەمەش ژمارەی ئەو فڕۆکە ستراتیژییانە لەو بنکەیەدا گەیشتە 23 دانە.

 
 ئەم هەنگاوانەی واشنتۆن ئاماژەن بۆ بەهێزکردنی تواناکانی هێرشی دوورمەودا کە دەگاتە ناو قوڵایی خاکی ئێران، بەتایبەت لەم کاتەدا کە گرژییەکانی ناوچەکە ڕوو لە زیادبوونن.

 هاوکات بەرپرسانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە پێنتاگۆن خۆی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەناو ئێران ئامادە دەکات و هەزاران سەرباز و هێزی مارینز گەیشتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 بەپێی زانیارییەکان، ئەم پلانە سەربازییە هەستیارانە چەندین هەفتەیە کاریان لەسەر دەکرێت و پێشبینی دەکرێت ئۆپەراسیۆنەکان لە ئاستی داگیرکاری گشتگیردا نەبن، بەڵکو تەنیا هێرشی هاوبەشی هێزە تایبەتەکان و پیادە بن.

 لە ئێستادا پێنتاگۆن چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دۆناڵد ترەمپ دەکات بۆ دەستپێکردنی هەر هەنگاوێکی سەربازی لە دژی تاران.