ستراتیژێکی کۆن... بۆچی ئیسرائیل کارگەکانی ئاسن و پۆڵای ئێران دەکاتە ئامانج؟

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1145 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ چونەناو مانگی دووەمی جەنگەوە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوە پیشەسازییە ستراتیژییەکانی ئێران چڕتر کردۆتەوە تا گوشاری ئابووریی بخاتە سەر مەدەنییەکان.

 
لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا، ئیسرائیل دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی ئاسن و پۆڵا و چەندین پێگەی پیشەسازیی تری کردە ئامانج، کە تاران ئەمەی بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار وەسف کرد و ڕایگەیاند جەنگەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.

بە ئامانجگرتنی پیشەسازییە قورسەکان کە بەکارهێنانی دووسەرەی سەربازیی و مەدەنییان هەیە، شێوازێکی جەنگی کۆنە کە لە جەنگی جیهانیی دووەم و ململانێکاندا بۆ لاوازکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەیار بەکارهاتووە، بەڵام کاریگەرییەکی توندی لەسەر دانیشتوانە مەدەنییەکە دەبێت. 

بۆ نموونە لە ئابی 1943دا، ئەمریکا کارگەکانی تۆپەئاسنی لە شاری شەفاینفۆرتی ئەڵمانیا بۆردومان کرد وەک بەشێک لە پلانی هاوپەیمانان بۆ تێکشکاندنی خاڵە بنەڕەتییەکانی پیشەسازیی سەربازیی ئەڵمانیا کە کاتە تۆپەئاسنەکان لە هەموو پیشەسازییەکانی وەک تانک، فڕۆکە، بزوێنەر و کەرتە مەدەنییەکاندا بەکاردەهاتن.

لە نوێترین پەرەسەندندا، ئیسرائیل دوو گەورەترین کارگەی ئاسن و پۆڵای ئێرانی بۆردومان کرد کە بریتین لە کارگەی ئاسنی خووزستان لە ئەهواز و کارگەی ئاسنی موبارەکە لە ئەسفەهان، کە ئەمەی دووەمیان گەورەترین یەکەی پیشەسازیی ئێرانە.
 ئەمە سێیەم جارە ئیسرائیل ئامانجە مەدەنییەکان دەپێکێت، کە پێشتر کێڵگەی غازی فارس و کارگەیەکی ڕیشاڵی کاربۆنی لە قەزوین وێران کردبوو.

 ڕیشاڵی کاربۆن بەشێکی هەستیارە لە دروستکردنی پەیکەری درۆنەکاندا چونکە کێشیان سووک و تێچوویان کەم دەکاتەوە، ئەمەش دەرفەتی دروستکردنی پۆلەدرۆنی هەرزانتر لە فڕۆکەی جەنگی دەڕەخسێنێت.

لە بەرامبەر ئەم لێدانە ئابوورییانەدا، ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردووە و ڕایگەیاندووە کە کەرتە ئابووریی و پیشەسازییەکانی ئیسرائیل و ئەوانەی پەیوەستن بە ئەمریکاوە دەکاتە ئامانج. 

هەرچەندە ئەم قۆناغە مەترسیدارە، بەڵام وەک چۆن لە ئەزموونی ئەڵمانیادا دەرکەوت، پیشەسازییە سەربازییەکان دەتوانن خۆیان لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنن و ڕەنگە جەنگەکە بەم هێرشانە نەوەستێت.