شارپرێس:
بەرپرسێکی
سەربازیی ئەمریکی ئەمرۆ یەکشەممە ڕایگەیاند کە ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست لە ئێستادا 50 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، هاوکات شارەزایان گومانیان لە
توانای ئەم هێزە هەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ئێران.
ڕۆژنامەی نیویۆرک
تایمز لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردۆتەوە کە دۆناڵد ترەمپ بژاردەی هێرشێکی
بەرفراوانتر تاوتوێ دەکات، کە کۆنترۆڵکردنی دوورگەیەک یان ناوچەکانی دیکەی ناو خاکی
ئێران دەگرێتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیڕانییدا.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە،
شارەزایانی سەربازیی هۆشدارییان داوە کە ئەم 50 هەزار سەربازە، کە بەشێکی زۆریان لە
ناو دەریا دان، زۆر کەمن بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی گەورە.
ئەوان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیسرائیل زیاتر
لە 300 هەزار سەربازی بۆ غەززە کۆکردۆتەوە، هەروەها هاوپەیمانێتییەکەی ساڵی 2003 بۆ
داگیرکردنی عێراق نزیکەی 250 هەزار سەرباز بووە.
شارەزایان
دەڵێن کۆنترۆڵکردنی وڵاتێکی وەک ئێران کە ڕووبەرەکەی سێیەکی ئەمریکایە و 93 ملیۆن
کەسی لێ نیشتەجێیە، بە تەنها 50 هەزار سەرباز کارێکی مەحاڵە، بەتایبەت لەبەر ئاڵۆزیی
جوگرافیا و توانای سەربازیی ئەو وڵاتە.
گەیشتنی 2500 مارینز و 2500 سەربازی دیکەی دەریاوانی،
ژمارەی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا گەیاندووەتە سەروو 50 هەزار کەس، کە ئەمە
10 هەزار زیاترە لە ئاستی ئاسایی، ئەمەش لە کاتێکدایە ترەمپ بڕیار لە هەنگاوی
داهاتوو دەدات لەو شەڕەی مانگی یەکەمی تەواو کردووە.
هێشتا ئەرکی
"یەکەی 31ی مارینز" ڕوون نییە، بەڵام بەرپرسان دەڵێن ترەمپ بیر لە دەستبەسەرداگرتنی
دوورگەیەک دەکاتەوە.
لە دۆخی ئاساییدا 40 هەزار سەربازی ئەمریکی لە
ناوچەکەدا هەن، بەڵام ئێستا بەهۆی هەڵکشانی شەڕەوە زیادی کردووە. ئەم ئامارە 4500
سەربازی کەشتی جیرالد فۆرد ناگرێتەوە کە بەهۆی کێشەی تەکنیکی و ئاگرکەوتنەوە لە بەشی
شۆردن، ناوچەکەی بەرەو کریت و کرواتیا جێهێشتووە.
هەفتەی ڕابردوو
پێنتاگۆن فەرمانی دا بە ناردنی 2000 سەربازی فیرقەی 82ی پەرەشووتیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست، بەرپرسە سەربازییەکە دەڵێت شوێنیان دیاری نەکراوە بەڵام لە مەودایەک دەبن
بتوانن هێرش بکەنە سەر ئێران.
پێدەچێت ئەم هێزانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی
"دوورگەی خارگ" بەکاربهێنرێن، کە ناوەندی هەناردەی نەوتی ئێرانە و پێشتر
فڕۆکەکانی ئەمریکا 90 ئامانجیان تێدا پێکاوە، یان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش
لەگەڵ هێزەکانی مارینز بەکاربێن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
