روسیاو ئەمریکاو ئێران پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی دەکەن

عیراق

12/04/2026‌ 598 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆماری عێراق، بەشێک لەسەرکردەی وڵاتانی جیهان و لەنێویشیاندا روسیا، ئەمریکا و ئێران پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق دەکەن.


باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا لەپەیامێکدا دەڵێت،" پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی نزار ئامێدی دەکەین بەبۆنەی هەڵبژاردن و دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی عێراق، ئێمە چاومان لە کاری پێکەوەییە لەگەڵ سەرکردەکانی عێراقی نوێ، بۆ ئەوەی بەرەو داهاتوویەکی پڕ لەسەروەری و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ تەواوی عێراقییەکان هەنگاو بنێین ".

هاوکات، میدیای فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق نامەیەکی پیرۆزبایی لە ڤڵادمێر پوتن، سەرۆکی روسیاوە پێگەیشت، بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق.

بەپێی راگەیەنراوەکە، ڤڵادمێر پوتن هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆک کۆماری نوێ خواستوە، هەروەها هیوای خواست ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی بەرەوپێشچونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و روسیا.

لەلایەکی دیکەشەوە، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران نامەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی نزار ئامێدی کردوەو دەڵێت،" هەڵبژاردنتان وەک سەرۆک کۆمار، ئاماژەیە بۆ متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران و گەلی عێراق بە تواناکانتان و سەرکردایەتیکردنی عێراق لە قۆناغی داهاتودا ".