سیستانی لەبارەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران پەیامێکی بڵاوکردەوە

عیراق

13/04/2026‌ 4254 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەکان لەعێراق، ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە لەپەیامێکدا جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی کردەوە کە دەستوەرناداتە پرۆسەی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران.

سەرچاوەیەکی نزیک لە مەرجەعیەتی نەجەف بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند کە ئەوان دەست لە بابەتی کاندیدکردنی سەرۆکوەزیران وەرنادەن و پێشتریش چەندین پەیامی ڕوونیان لەمبارەیەوە ئاراستەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە.

 سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە مەرجەعیەت لەم قۆناغەدا دەرگاکانی بەڕووی سیاسییەکاندا داخستووە و ئامادە نییە بەشداریی هیچ گفتوگۆ و ڕاوێژێک بێت سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ پۆستە باڵاکان.

 ئەمە لە کاتێکدایە کە چوارچێوەی هەماهەنگی لە 24ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بە فەرمی مالیکی بۆ ئەو پۆستە کاندید کرد، بەڵام بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەو پرسە، هێشتا کاندیدی سازان یەکلایی نەبۆتەوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی