شارپرێس:
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی لهوهڵامى دۆناڵد ترهمپ سهرۆكى ئهمریكادا، میکانیزمێکی نوێیان بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەروی هورمز داڕشتوەو دەستیان بەجێبەجێکردنی کردوە.
بهگوێرهى زانیارییەکانی تەلەفزیۆنی ئێران، هەر کەشتییەک بییەوێت بەگەروی هورمزدا تێپەڕبێت، دەبێت پێشوەختە دەسەڵاتدارانی ئێران ئاگاداربکاتەوە، دوای ئاگادارکردنەوەکە، کەشتییەکە نامەیەکی ئەلیکترۆنی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێرانەوە پێدەگات کە سەرجەم یاساو ڕێساکانی هاتوچۆ لەناو گەروەکەدا لەخۆدەگرێت.
دوای ئەوەی کەشتییەکە ڕەزامەندیی لەسەر یاسا نوێیەکانی ئێران دەربڕیی، مۆڵەتی تێپەڕبونی پێدەدرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم مۆڵەتانە لەلایەن دامەزراوەیەکی نوێی ئێرانییەوە دەردەچن.
ئەم بڕیارەی ئێران لەکاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لەڕۆژی دوشەممەوە ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەربازکردنی ئەو کەشتیانە دەستپێدەکات کە لەڕێڕەوە ئاوییەکاندا گیریانخواردوە.
هەروەها ترەمپ هەڕەشەی ئەوەیکردبوو، ئەگەر ئێران هێرشبکاتەسەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا کە پاسەوانی کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن، ئەوا ئێران لەسەر نەخشەی جیهان دەسڕێتەوە.
