شارپرێس:
لەنێوان تەڵەی جەنگو
مێزی گفتوگۆدا، تاران لەڕێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە لێکۆڵینەوە لەنوێترین پێشنیازی
ئەمریکا دەکات بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییەش لەکاتێکدایە
کە فەرماندە سەربازییەکانی ئێران بەتوندی هۆشداریدەدەنە واشنتۆنو دەڵێن، "هەر
هەڵەیەکی نوێ، بەرەی جەنگ بۆ دەرەوەی سنورەکانی ناوچەکە فراوان دەکات".
ئاژانسی تەسنیم-ی ئێرانی
بڵاویکردەوە، ئەمریکا لەڕێگەی پاکستانەوە دەقێکی نوێیان بۆ تاران ناردوە، ئەمەش وەک
وەڵامێک بۆ ئەو دەقە 14 خاڵییەی کە پێش سێ ڕۆژ ئێران پێشکەشیکردبوو.
بهگوێرهى ئاژانسه ئێرانیهكه،
نێوەندگیرە پاکستانییەکە لەتارانەو هەوڵدەدات خاڵە هاوبەشەکان زیادبکاتو جیاوازیی
نێوان پێشنیازەکانی هەردولا کەمبکاتەوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتونەتە ئەنجامێکی کۆتایی.
لهوبارهیهوه ئیسماعیل
بهقایى وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندوه، جەختی سەرەکییان لەسەر کۆتاییهێنان
بەجەنگ لەهەموو بەرەکان، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانو ڕاگرتنی کردەوە بێزاركارییهكانى
دژی کەشتییە ئێرانییەکانە.
هاوکات لەگەڵ نامەگۆڕینەوەکان،
فەرماندە سەربازییەکانی ئێرانو سەرۆکی پەرلەمان هۆشدارییانداوە، محەمەد باقر قالیباف
ڕایگەیاندوە، جوڵەکانی دوژمن نیشانەی ئامادەکارییە بۆ خولێکی نوێی جەنگ.
پاسدارانو سوپاى ئێرانیش
هۆشدارییانداوە کە ئەگەر ئهمریكا بکەوێتە ناو تەڵەی ئیسرائیلو هێرش دهستپێبکاتەوە،
بەرەی نوێو شێوازی نوێی جەنگ دەستپێدەکەن کە سنورەکانی ناوچەکە دەبەزێنێت.
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانە
لەکاتێکدان، ناوچەکە لەبارودۆخێکی هەستیاردا دەگوزەرێتو هەردولا لەنێوان مێزی
گفتوگۆو ئامادەکاریی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی دانوستان دەکەن.
