شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی میدیایی،
هەموو ئەو دەنگۆیانە بەدرۆدەخاتەوە کە گوایە شوانێک بنکە سەربازییە نهێنیهكهى ئیسرائیلی
لەبیابانی نخێب ئاشکراکردوە؛ بەڵکو ڕاستیی ڕوداوەکە بۆ دوو برای ڕاوچی دەگەڕێتەوە
کە بۆ ڕاوکردنی کەروێشک چوبونە نێو قووڵایی بیابانەکەو لەکاتی گهڕانیاندا، پەردەیان
لەسەر بونی هێزێکی دەستەبژێری ئیسرائیلی لاداوە، کە بەئامێری چاودێریی پێشکەوتوەوە
پەکخستنی درۆنو موشەکەکانیان لەعێراقدا کردبوە ئامانج.
وردەکاریی نوێ لەبارەی
ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نهێنیى ئیسرائیل لەقووڵایی بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراق
ئاشکرادهكرێت، دوای ئاشکرابونی لەلایەن دوو برای ڕاوچییەوە، بوەتە هۆی دروستبونی
پشێویی ئەمنیو کوژرانی هاوڵاتییەکو سەربازێکی عێراقی.
گەشتێکی ڕاوکردن نهێنییەکی
گەورەی ئاشکراکرد
بهگوێرهى ئەو لێکۆڵینەوانەی
کە تۆڕی میدیایی (MBN) بڵاویکردوەتەوە، ڕوداوەکە لە 3ی ئاداری 2026 لەبیابانی
(شەنانە) لەباشوری ناوچەی نخێب (ناوچەیەکی نێوان پارێزگای ئەنبارو کەربەلا)یه دەستیپێکردوە،
دوو برا کە بۆ ڕاوکردنی کەروێشک چوبونە ناوچەکە، تێبینیدەکەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان
لەسەر ئاستێکی نزم دەفڕێت، دوای کەمێک، ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان بینیوه کە چەند چەکدارێکی
تێدابوە، دوو براكه لێیان نزیکبونهتهوه، بهڵام یەکێکیان بەزمانێکی عەرەبی، بەڵام
بهشێوهى غەیرە عێراقی، فەرمانیان پێدەکات ناوچەکە جێبهێڵن.
پێکدادانو کوژرانی
هاوڵاتییەکی مەدەنی
هەرچەندە ڕاوچییەکان هێزە
ئەمنییەکانیان ئاگادارکردبوەوە، بەڵام یەکەیەکی سەربازیی عێراق تەنها دوای دوو ڕۆژ
(لە 5ی ئادار) بەرەو شوێنەکە جوڵهیان كردوه، لەکاتی نزیکبونەوەیان، ڕوبەڕوی تەقەی
ڕاستەوخۆ بونەوە کە بەهۆیەوە سەربازێکی عێراقی کوژراوهو چەند کەسێکی دیكهش برینداربون.
ڕۆژی دواتر، تەرمی
شوانێک بەناوی (عەواد هادی) لەنزیک شوێنەکە دۆزراوهتهوه کە ئۆتۆمبێلەکەی بەتەواوی
سوتێنرابوو، سەرچاوە ئەمنییەکانی بەغدا پشتڕاستیانکردوەتەوە، بەڵگەکان دەیسەلمێنن
ئەو هێزە ئیسرائیلییە بەرپرس بون لەکوشتنی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییە كه شوانێكى عێراقى
بوه.
ئامانجی بنکە نهێنیهكهو
ونبونی هێزەکە
سەرچاوە هەواڵگرییەکان
ئاشکرایانکردوە، ئەو هێزە ئیسرائیلییە کەرەستەو ئامێری پێشکەوتویان بۆ چاودێریکردنو
ڕاگرتنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانو موشەکانە داناوە کە لەعێراقو ئێرانەوە دەتەقێنرێن،
هاوکات ئاشکرابوە کە هێزەکە 48 کاتژمێر دوای ڕوداوەکە ناوچەکەیان جێهێشتوەو کاتێک
سوپای عێراق دوای دوو هەفتە گەڕاوەتەوە شوێنەکە، هیچ شوێنەوارێکیان نەدۆزیوەتەوە.
ئەمهش لەکاتێکدایە،
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانى عێراق لەدیمانەیەکی پێشویدا دانی بەوەدانابوو،
"ئاسمانی عێراق ڕوبەڕوی پێشێلکاری بوەتەوە"، کە ئەمەش نیشانەی بۆشایى بەغدایە
لەپاراستنی تەواوی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی.
