شارپرێس:
توێژینەوەیەکی زانستی نوێ کە لەلایەن زانکۆی "فلیندەرز"ی ئوسترالییەوە ئەنجامدراوەو لەگۆڤاری بەناوبانگی جیهانی (Environmental Research Letters) بڵاوکراوەتەوە، هۆشداریی بهپهله دەداتە مرۆڤایەتیو ڕایدەگەیەنێت، "گۆی زەوی گەیشتوەتە قۆناغی تێپەڕاندنی سەلامەتیی ژینگەییو توانای لەخۆگرتنی ئەم ژمارە زۆرەی دانیشتوانی نەماوە".
تۆژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، ژمارەی ئێستای دانیشتوانی جیهان کە گەیشتوەتە (8.3 ملیار کەس)، زۆر زیاترە لەتوانای سروشتیو بایۆلۆژی هەسارەکە بۆ دابینکردنی سەرچاوەکان.
زانایان لەم توێژینەوەیەدا جەختیانكردوهتهوه، تێکەڵبونی دوو هۆکاری سەرەکی؛ واتە (زیادبونی بێ پلانى خێرای دانیشتوان لەگەڵ پشتبەستنی بەردەوامی مرۆڤ بەسوتەمەنییەكانى نەوتو غاز)، بوەتە هۆی تێکچونی هاوسەنگی ژینگهو خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانی کەشوهەوا.
بهگوێرهى هۆشداریی توێژەرانی ئوسترالی، ئەگەر وڵاتانی جیهان ستراتیژی خۆیان بەپەلە نەگۆڕنو سنورێک بۆ بەکارهێنانی وزە پیسەکان دانەنێن، جیهان ڕوبەڕوی کارەساتی گەورەی دیمۆگرافی (کۆچی بەکۆمەڵ بەهۆی نەمانی سەرچاوەکان)و داڕمانی سیستمە ژینگەیییەکان دەبێتەوە کە یەکەمین قوربانی ئەو کارەساتانەش ئاسایشی خۆراکو ئاوی مرۆڤایەتی دەبێت.
توێژینەوەکە بەیەکێک لەڕونترین بەڵگەنامە زانستییەکانی ئەمدواییە دادەنرێت کە داوا لەسەرکردەکانی جیهان دەکات، چاو بەپڕۆژە ئابورییو پیشەسازییەکانیاندا بخشێننەوە پێشئەوەی زەوی بگاتە "خاڵی نەگەڕانەوە"، وتوشیانه، "مەبەست لەخاڵی نەگەڕانەوە لەزانستی کەشوهەوادا، ئەوکاتە یان ئەو قۆناغە مەترسیدارەیە کە ئەگەر ژینگەی زەوی پێی بگات، ئیتر گۆڕانکارییو وێرانکارییەکان بەتەواوی لەکۆنترۆڵی مرۆڤ دەردەچن، لەم قۆناغەدا، تەنانەت ئەگەر مرۆڤایەتی بەتەواوی سوتاندنی نەوتو غازیش ڕاگرێت، سروشت خۆی بەشێوەیەکی خۆکار بەردەوامدەبێت لەگەرمبونو تێکچون".
