شارپرێس:
ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی فیدراڵی کۆتاییهاتنی تەواوی ئامادەکارییە تەکنیکیو هونەرییەکانی تایبەت بەدۆسیەی دامەزراندنو کاراکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی ڕاگەیاند، ئاشکرایکرد، ڕاگەیاندنی فەرمی دامەزراندنە نوێیەکان لەئێستادا بەستراوەتەوە بەسێ تەوەرو مەرجی سەرەکییەوە.
فازڵ عەبدولزەهرە غەڕاوی وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنەکە بهئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگهیاندوه، "کاراکردنی پڕۆسەی دامەزراندنە نوێیەکانو خستنەگەڕی فۆرمی پێشکەشکردنی ئەلیکترۆنی، تەنها پەیوەست نییە بەلایەنی تەکنیکی ئەنجومەنەکەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەچەند هۆکارێکی دەرەکییەوە مەرجدار کراوە".
بهگوێرهى ڕونکردنەوەکەی غەڕاوی، ئەو سێ تەوەرە سەرەکییەی کە دۆسیەی دامەزراندنیان پێوە بەندە بریتین لەیهكهم، ڕەخساندنی میلاکی فەرمیو بەتاڵ لەناو دامەزراوەکاندا، دوهم، دابینکردنی شایستەی دارایی، ئەم خاڵەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراوە بەیاسای بودجەی گشتییو ئەو بڕە پارەیەی بۆ موچەی دامەزراوانی نوێ تەرخاندەکرێت، سێیهمیش دیاریکردنی پێویستی ڕاستەقینەی وەزارەتو فەرمانگە جیاوازەکان بۆ پسپۆڕییەکان بهگوێرهى پلانی ساڵانەی خۆیان.
وتەبێژی ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەشکردوه، ئەنجومەنی ڕاژە لەلایەنی تەکنیکییەوە گشت ڕێکارەکانی پێداچونەوە بەفایلەکانو میکانیزمی فۆرمی ئەلیکترۆنی کۆتایی پێهێناوە، بەڵام لەئێستادا چاوەڕوانی تەرخانکردنی بودجەو پلەکان دەکەن لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دەست بەهەنگاوە پراکتیکییەکان بکرێت.
غەڕاوی دڵنیاییدایە دەرچوانی زانکۆو پەیمانگەکان کە ئەنجومەنەکە بەوپەڕی شەفافییەت، دادپەروەرییو یەکسانییەوە، کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکات بۆ مسۆگەرکردنی هەلی کار بۆ شایستەکان.
سهرچاوهكان باس لهوهدهكهن، دەرچوانی هەرێمی کوردستانیش پشکیان لەو دامەزراندنانەدا دەبێت، ئهوهش لەڕێگەی ههماههنگى نێوان ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی عێراقو ئەنجومەنی ڕاژەی هەرێمی کوردستانهوه کارکراوە بۆ ئەوەی دەرچوانی زانکۆکانی هەرێمیش لەپڕۆسەی دامەزراندنە فیدراڵییەکاندا بێبەشنەکرێن.
ئهوهش دهوترێت، بۆ تێگەیشتن لەچۆنیەتی پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە وەزیفییە گەورەیەی بەهۆی خانەنشینبونەوە لەهەرێم دروستبوە، چەند خاڵێکی گرنگ هەن، ئهویش هەردوو ئەنجومەنهكه کۆبونەوەی بەردەوامیان ئەنجامداوە بۆ یەکخستنی داتاو ڕێکخستنی پشکی هەرێم لەو پلە وەزیفیانەی لەبەغداوە ڕادەگەیەنرێن، ههروهها دامەزراندنە فیدراڵییەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناوچە دابڕاوەکان (کەرکوک، خانەقین، شنگالو ناوچەکانی دیکە) دەگرێتەوە، بەتایبەت بۆ خاوەن بڕوانامە باڵاکانو سێ یەکەمەکانی زانکۆ، لهگهڵ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی نەبونی دامەزراندن لەناوخۆی دامەزراوەکانی هەرێمو پڕکردنەوەی شوێنی خانەنشینان، بەتەواوی بەستراوەتەوە بەڕێککەوتنی دارایی، جێگیرکردنی شایستەی داراییو پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی.
