شارپرێس:
لەنوێترین ڕاپۆرتی خولیی خۆیدا، سەنتەری کەنداو
بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێرشو ڕێگریکردن لهتیمى میدیایى شارپرێس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی
سلێمانییەوە دۆكیۆمێنت كردوه، دهشڵێت، "ههموو ئهوانهش پێشێلکارین دژی ڕۆژنامەنوسان،
چالاکوانانو ئازادی ڕادەربڕین کە لەمدواییانەدا زیادیانکردوە"، سەنتەرەکە
داوادەکات، حكومهتى ههرێم ڕێز لەئازادی ڕادەربڕینو میدیا بگیرێت.
ڕاپۆرتەکەى سهنتهرى كهنداو بۆ مافهكانى
مرۆڤ، بەتایبەت ئاماژەی بەکەیسی چاوەڕوان مەحمود ڕۆژنامەنوسو پەیامنێری دهزگاى میدیایى
شارپرێسو تیمی هاوڕێی کردوه كه هێزە ئەمنییەکان لەشاری سلێمانی هێرشیانکردونهتهسهرو
ڕێگرییان لێکردون.
ئهوهشى ئاماژه پێكردوه، "لەو هێرشەدا سەرجەم ئامێرە میدیاییەکانیان، لەوانەش کامێراو مۆبایلەکانیان، لێ زەوتکراوەو ئازارى كچه پهیامنێرهكه دراوه، ئەمەش لهکاتێکدا بوە کە تیمەکە خەریکی ڕوماڵکردنی كارى ڕۆژنامهوانى خۆیان بون، ئەمەش یەکەمجار نییە؛ پێشتریش ئەم ڕۆژنامەنوسە لەکاتی ڕوماڵی خۆپیشاندانهكانى مامۆستایاندا هێرشیكرابوهسهر".
ڕاپۆرتەکە چەندین کەیسی دیكهى توندوتیژیی بەدۆکیۆمێنت
کردوەو نوسیویهتى، "دەستگیرکردنی سەرکردەو ئەندامانی حزبە سیاسییە جیاوازەکان
بەبێ بڕیاری دادگا، داخستنی نوسینگەکانی کەناڵی (NRT) لەهەولێرو دهۆکو دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلەکانیان،
درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی بۆ ماوەی چوارساڵو نیوی
دیكه، ڕێگریکردن لە32 پیاوی ئایینی لەوتاری هەینی بەهۆی ڕەخنەگرتن لەگەندەڵی".
سەنتەری کەنداو داوا لەحکومەتی هەرێمی
کوردستان دەکات کە مافی سەرجەم هاوڵاتیان، ڕۆژنامەنوسانو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ
بپارێزێتو جهختیكردوهتهوه، دەبێت ڕێگەیان پێبدرێت بەبێ ترس لەتۆڵەسەندنەوە یان
ڕاوەدونان کارەکانیان بکەن، هەروەها داوای ئازادکردنی دەستبەجێو بێ مەرجی سەرجەم
زیندانیان دەکات.
دروشمى سهنتهرهكه، "پاراستنی داکۆکیکارانی
مافی مرۆڤ بۆ پێشخستنی ئازادییو ئاشتییو دادپەروەرییه لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو
باکوری ئەفریقیا"، سەنتەری کەنداو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕێکخراوێکی سەربەخۆی
قازانج نەویستو ناحکومییە کە پاڵپشتیو پاراستن پێشکەش بەداکۆکیکارانی مافی مرۆڤ
دەکات لەناوچەی کەنداوو وڵاتانی دراوسێ، بەمەبەستی بەهێزکردنی مافەکانی مرۆڤ؛ بەجۆرێک
کە ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕۆژنامەگەریی، مافی پێکهێنانی کۆمەڵەکانو کۆبونەوەی
ئاشتیانە بگرێتەوە بەبێئەوەی تەنها بەمانەوە سنورداربێت.
ناوەندی سەرەکیی سەنتەری کەنداو بۆ مافەکانی
مرۆڤ (GCHR)
لەشارى بهیروتى پایتهختى لوبنانە، سەنتەرەکە لەساڵی 2011وه دامەزراوە، سەرەڕای
ئەوەی بارەگای سەرەکی لەلوبنانە، بەڵام چەند نوسینگەیەکی دیكهشى لەشارەکانی وەک
دبلن (ئێرلەندا)، کۆپنهاگن (دانیمارک)و ئەستەنبوڵ (تورکیا) هەیە، کارەکانی ئەم سەنتەرە
زیاتر چڕبوەتەوە لەسەر دۆکیۆمێنتکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لەناوچەی کەنداوو وڵاتانی
دراوسێی (وەک عێراق، ئێران، سوریاو وڵاتانی دیكه).
