سه‌نته‌رى میترۆ: هیچ بنكه‌یه‌كى پۆلیس له‌سلێمانى بڕیاره‌كه‌ى وه‌زیرى ناوخۆ جێبه‌جێناكات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1151 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى ده‌ركردنى بڕیارێك له‌لایه‌ن وه‌زیرى ناوخۆوه‌ بۆ ده‌ستگیركردنى ئەحمەد نەجم سەرۆكی بۆردی بەڕێوەبردنی كەناڵ8‌و بژار دەباغ ڕۆژنامەنوس هه‌مان كه‌ناڵ، سه‌نته‌رى میترۆ هاته‌ده‌نگ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هیچ بنكەیەكی پۆلیسی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و دەوبەری داواكەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم جێبەجێناكەن".


سه‌نته‌رى میترۆ له‌باره‌ى بڕیاره‌كه‌ى وه‌زیرى ناوخۆوه‌ زانیاریى ئاشكراكردوه‌و ده‌ڵێت، "ئەو داوا یاساییانەی كە ڕەهەندی سیاسییان پێوەدیارە پەرەدەستێنن‌و ملكەچی ململانێی سیاسیی نێوان یەكێتیی‌و پارتی دەكرێن، بەمەش، نەك تەنها ئازادی كاری ڕۆژنامەگەری، بەڵكو سەروەری یاساش دەخەنە ژێر پرسیارەوە".

سەنتەری میترۆ ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، لەماوەی دوو مانگی ڕابردودا، زیاتر لە (10) كەیسی تایبەت بەبڵاوكردنەوەی پێگەیشتوە، كە هەریەكەیان دەبوو بەگوێره‌ى یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ بكرێت نەك یاسایەكی دیكه‌، بەڵام، پەنابراوە بۆ یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008 "یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن"، كە سزاكەی لە شەش مانگەوە تا پێنج ساڵ بەندكردنی تێدایە.

وه‌كو میترۆ باسیكردوه‌، "ئەم یاسایە ئەوەی تێپەڕاندوە كە تایبەتمەندبێت بەكێشەی كۆمەڵایەتی كە ئامێرەكانی پەیوەندیكردن‌و ئەنتەرنێت دروستیدەكەن، بەڵكو دەستەواژەی وەك، (بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو، تۆمەت هەڵبەستن لەڕێگه‌ی ئەنتەرنێتەوە) لەیاساكەدا بۆ مەبەستی جیاواز بەكاردەهێنرێت، بەتایبەتیش دژ بەڕەخنەگران‌و ڕۆژنامەنوسان".

ئه‌وه‌شى نوسیوه‌، "نوێترینیان، فەرمانی دەستگیركردنە بۆ ئەحمەد نەجم سەرۆكی بۆردی بەڕێوەبردنی كەناڵ8و بژار دەباغ ڕۆژنامەنوس كە وەزیری ناوخۆ لە 7ی ئایاری 2026، واژۆیكردوە، بەهۆی شەڕی میدیا بەهەمان پاساو زەمینە ڕەخساوە یەكێتیی دژی میدیاكارانی پارتی داوای یاسایی تۆماربكات، بۆ ئه‌وه‌ش یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، داوای لەوەزیری ناوخۆ كردوە كە بڕیاری دەسگیركردنەكە دەرنەكات‌و ڕەچاوی بارودۆخەكە بكات تا ئامادەبونی داواكراوان لەبەردەم دادگا، بەڵام دوای ئەم داوایە وەزیر فەرمانەكەی دەركردوە".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ئه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌ى سه‌نته‌رى میترۆدا هاتوه‌، "دڵنیاین هیچ بنكەیەكی پۆلیسی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و دەوبەری داواكەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم جێبەجێناكەن‌و بەهۆی دابەشبونی سیاسیی، بەوەزیری خۆیانی نازانن، ئەمە بۆ فەرمانەكانی سلێمانیش ڕاستە".

ده‌شڵێت، "پارتی‌و یەكێتیی بەشێكی زۆری میدیایان بۆ شەڕی سیاسیی دامەزراندوە، بۆ شەڕی شكاندنی ڕكابەرەكان، بۆ شەڕی تۆخكردنی زۆنچێتی‌و كۆنەقین، شەڕی شێواندنی ڕاستیی‌و تێكشاندنی ڕۆحی پێكەوەیی، هاوكات كەشێكی گوتارییان ڕەخساند كە پرۆسەی سیاسی تێیدا زەرەرمەندبێت، پەرەسەندنی ئەو داوا یاساییانەی كە ڕەهەندی سیاسییان پێوەدیارەو ملكەچكردنی یاسا بۆ ململانێی سیاسی نێوان یەكێتیی‌و پارتی، نەك ئازادی كاری ڕۆژنامەگەری، سەروەری یاساش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئێمە ڕەتیدەكەینەوە".

بەپەلە