شارپرێس:
شرۆڤەکارانو فەرماندەیی هێزهكانى سوریاى دیموكرات
(هەسەدە) زەنگی مەترسی سەرهەڵدانەوەی خەلافەتى داعش لهسوریا لێدەدەن؛ ڕاشیدهگهیهنن،
"داعش کەلێنە ئەمنییەکان دەقۆزێتەوە"، ههروهك زۆرێك چاودێرانى سیاسیىو
سهربازیش پێیانوایه، "چەکدارە بیانییەکانی ئەحمەد شەرع كه ئێستا بهشێكن
لهسوپاو دامهزراوه فهرمیه ئهمنیهكانى سوریا، بەهۆی هاوسۆزیی ئایدۆلۆژییەوە
بۆ داعشـ لەڕوبەڕوبونەوەی ئهو گروپه تیرۆریستیه هەڵدێنو نایانهوێت هیچ ڕوبهڕوبونهوهیهك
ڕوبدات".
شارەزایانی سەربازیی هۆشداریدەدەن کە گروپى
تیرۆریستی داعش دەستی بەجموجۆڵو هێرشی خۆکوژی چڕکردوەتەوە لەپارێزگاکانی (حەلەب، ڕەققە،
دێرەزور)و دەوروبەری حەسەکە، بەشێوەیەک کە هێزەکانی حکومەتی دیمەشقی کردوەتە
ئامانج، بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “شەرقولئەوسەت”، هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە بۆ
دروستبونی بۆشایى ئەمنیی کاتی دەگەڕێتەوە کە بەهۆی خاوبونەوەی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی
سوریاو قۆناغی گۆڕانکاریی سیاسییەوە هاتوەتە ئاراوە.
کەلێنە ئەمنییەکانو ململانێی جوگرافی
شارەزایان ئاشکرایانکردوە، پڕۆسەی دۆزینەوەی
میکانیزم بۆ دابەشبون یان تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و ئاسایش لەناوخۆی
سوپای نیشتمانیو وەزارەتی ناوخۆدا کاتی زۆری دەوێت، ئەم کاتکوژییەش بوەتە هۆی
دروستبونی كهلێنێكى گەورە لەکۆنتڕۆڵی مەیدانیی ناوچەکاندا، داعش بەتەواوی سودی لەم
بۆشاییه ئەمنییە کاتییەو ئاڵۆزییە جوگرافیو سیاسییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا
وەرگرتوە بۆ ئەنجامدانی زۆرینەی هەرە زۆری پهلامارهكانى ئەمدواییە.
هەسەدە؛ ئەو هێزە باڵایەی خەلافەتی داعشی لەتەواوی
سووریادا تێکشکاند
ئەم سەرهەڵدانەوەیەی داعش لەکاتێکدایە، هێزەکانی
سوریای دیموکرات (هەسەدە) پێشتر وەک سەرەکیترینو کاریگەرترین هێزی سەر زەوی دەبینران
لەتێکشکاندنی تەواوەتی خەلافەتی داعشو پاککردنەوەی ناوچە ستراتیژییەکانی وەک ڕەققەو
دێرەزور لەتیرۆریستان، چاودێرانیش پێیانوایە، پەککەوتن یان سستبونی ڕۆڵی هەسەدە لەپاراستنی
ناوچەکەو سەرقاڵبونیان بەمەلەفە سیاسییەکانەوە، زەبرێکی کوشندەی لەو سەقامگیرییە
داوە کە لەساڵانی ڕابردودا بەقوربانییەکی زۆر بەدەستهاتبوو، ئهمهش دەرگای بۆ ئهو
گروپه تیرۆریستیه کردوەتەوە تاوەکو دوبارە ڕیزەکانی ڕێکبخاتەوە.
بێباکیی هێزەکانی شەرعو فەرامۆشکردنی مەترسییەکانی
داعش
شارەزایانی سەربازیی ئاماژە بەوەدەکەن، یەکێک
لەهۆکارەكانى دیكهى ئەو پێشڕەوییە نوێیەی داعش، بریتییە لەگرنگیپێنەدانو بێباکیی
هێزەکانی سەر بەئەحمەد شەرع لەچوارچێوەی دەسەڵاتی سوریا بەرامبەر بەپرسى تیرۆر.
هێزەکانی ئەحمەد شەرع لەبری ڕوبەڕوبونەوەی
شانە نوستوەکانی داعشو پاراستنی سەقامگیریی، سەرنجی تەواویان خستوەتەسەر ململانێ
سیاسییەکانو چاوەڕوانیکردنی فەرمانی دەرەکی بۆ گۆڕینی هاوسەنگییەکان، ئەم فەرامۆشکردنەش
ڕێگەی بۆ چەکدارانی داعش خۆشکردوە تا لەناوچە ئاڵۆزەکانی باکورو ڕۆژهەڵات دوبارە ڕیزەکانیان
ڕێکبخەنەوە.
زۆرێک لەشرۆڤەکارانی سیاسییو سەربازیی لەو
بڕوایەدان کە هۆکاری سەرەکیی خۆدزینەوەی هێزەکانی ئەحمەد شەرع لەڕوبەڕوبونەوەی
داعش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی زۆری چەکدارەکانیان خەڵکی بیانینو لەڕوی بیروباوەڕو
ئایدۆلۆژیاوە مەیلیان بۆ توندڕەوییو کردەوەکانی داعش هەیە، ئەمەش وایکردوە، هیچ ویستێکی
ڕاستەقینەیان بۆ شەڕکردن دژی ئەو گروپه نەبێت.
ههسهده ههڵوێست ڕادهگهیهنێت
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات
(هەسەدە) لەنوێترین هەڵوێستی فەرمیی خۆیدا هۆشداری توند دەداتە ڕای گشتییو هێزە
ناوچەییەکان کە تێکشکاندنی سەربازییو جوگرافیای خەلافەتی داعش، بەهیچ شێوەیەک بەواتای
کۆتاییهاتنی تەواوەتی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە نایەت، شانە نوستوەکانی، هێشتا وەک
هەڕەشەیەکی جدی، بەردەوامو زیندوو لەسەر ئاسایشی ناوچەکە ماونەتەوەو قۆناغە کاتییەکانی
گواستنەوەی سیاسیی دەقۆزنەوە.
ڕەخنە لەبێباکیی دیمەشقو هێزەکانی ئەحمەد شەرع
فەرماندەیی باڵای هەسەدە بەتوندی ڕەخنە لەبێباکیو
فەرامۆشکاریی حکومەتی دیمەشقو هێزەکانی سەر بەئەحمەد شەرع دەگرێت لەئاست پرسى ئەمنیو
دۆسیەی تیرۆر، هەسەدە دهڵێت، "سەرقاڵبونی ئەم لایەنانە بەململانێو دەستکەوتی
سیاسیی تەسکەوە، فەزایەکی ئارامو زەمینەیەکی گونجاوی بۆ چەکدارانی داعش ڕەخساندوە
تاوەکو لەناوچە جیاجیاکانی سوریادا دوبارە ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوەو هێرشی نوێ ئەنجامبدەن".
کەمپو بەندینخانەکان؛ بۆمبێکی چێنراوی نێودەوڵەتی
لەبەشێکی دیکەی ستراتیژییەکەیاندا، فەرماندەیی
هەسەدە هۆشداریدەدات کە هێشتنەوەی هەزاران چەکداری مەترسیداری داعش لەبەندینخانەکانو
خێزانەکانیان لەکەمپهكان، بەبێ چارەسەری ڕیشەیی، وەک "بۆمبێکی چێنراو"
وایە، فەرماندەییەکە داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بەرپرسیارێتی یاساییو ئەمنی
خۆیان هەڵگرن، چونکە هەر یاخیبون یان ڕاکردنێکی بەکۆمەڵ لەو شوێنانە، کارەساتێکی ئەمنیی
گەورە لەتەواوی جیهاندا دەخوڵقێنێت.
بەردەوامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی؛ تاکە گەرەنتی
ڕێگریکردن لەسەرهەڵدانەوە
هەسەدە لەکۆتاییدا جەخت لەسەر گرنگیی هێشتنەوەو
بەردەوامبونی هاوکارییە سەربازیی، لۆجستیو هەواڵگرییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
بەسەرۆکایەتی ئەمریکا دەکاتەوە، بهگوێرهى دیدگای فەرماندەییەکە، بەبێ چاودێرییەکی
ئاسمانی وردو ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەی هاوبەش، کۆنتڕۆڵکردنو ڕاوەدونانى
چەکدارانی داعش لەبیابانە قووڵو ئاڵۆزەکانی سوریادا بەتەواوی ئەستەم دەبێت.
