شارپرێس ـ تایبهت:
سوپای تورکیا پیلانێکی نوێی داگیرکاریی لەناوچە
سنورییەکانی هەرێم جێبەجێدەکات؛ لەکاتێکدا پێشتر زیاتر لە139 بنکە، بارەگاو پێگەی
هەواڵگریی لەسەر خاکی هەرێم هەبون، لەئێستادا ئەنكەرە فێڵێکی گەورەی سەربازیی لەگەریلاکانی
پەکەکە دەکاتو دەستبەجێ 72 خاڵی نوێی ستراتیژیی لەقوڵایی باشوری کوردستان کۆنترۆڵدەکات
کە پێشتر گەریلاکان وەک نیازپاکی لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا چۆڵیانکردبوو.
شارپرێس پەردە لەسەر وەرچەرخانێکی مەترسیدارو
پیلانێکی داڕێژراوی سوپای تورکیا لادهدات لەناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان،
بهگوێرهى زانیارییەکان، سوپای تورکیا فێڵێکی گەورەی سەربازییو سیاسیی لەپارتی
کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردوە؛ دوای ئەوەی گەریلاکان وەک نیازپاکی لەچوارچێوەی
پرۆسەی ئاشتیدا لە 72 خاڵی ستراتیژی پاشەکشەیانکردبوو، تورکیا بەپێچەوانەی بەڵێنەکانی،
دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتوەو چونەتە ناو قوڵایی خاکی باشوری کوردستانەوە.
پەکەکە پێشتر لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنو پرۆسەی
ئاشتیی، بڕیاریدابوو لەگرنگترین ناوچەکانی سەر سنورو قوڵایی چیاکانی هەرێم بکشێتەوە،
شارپرێس ئهوهى زانیوه، سهركردایهتى پهكهكه بڕیاریدا لهو چوارچێوهیهدا
پاشهكشه بهگهریلا بكات لهناوچەکانی وەک (گەلیی مەتینا، کاشورا، دێرەلوک، کانیماسی،
شێلادزێو تەنانەت بارهگاكانى فەرماندەیی خۆیان لەسەر چیای گارەو قوڵایی گەلیی
زاپو بەتەواوی لەچەکو تەقەمەنی پاککردەوەو چۆڵیانکردن.
پێشتر وابڕیاربوو سوپای تورکیا نەکەوێتە شوێنپێی
گەریلاکانو پێشڕەوی نەکات بۆ ناو ئەو ناوچە ئارامانەی کە چۆڵکراون، بەڵام ئەنكەرە
ئەو دەرفەتەی قۆستەوەو فێڵێکی گەورەی ئەنجامدا.
ههروهك شارپرێس زانیاریى دهستكهوتوه،
سوپای تورکیا، لەههنگاوێکی چاوهڕواننەکراودا، دەستبەجێ هێزەکانی خۆی (کە پێشتر لەزنجیرە
هێرشەکانی پەنچە-کلیلدا بەشداربون) ڕەوانەی ناو قوڵایی خاکی هەرێم کردو لەو 72 خاڵە
ستراتیژییەدا جێگیریکردن، لەئێستادا، سوپای تورکیا لەسەرجەم تونێلو چیا چۆڵکراوەکانی
مەتیناو زاپ، بنکەو سەربازگەی گەورەی سەربازیی هەمیشەیی داناوە.
چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه، کشانەوەی پەکەکە
وەک نیازپاکی بوە، چونكه مهترسیى داگیرکارییەکی فراوانی تورکیاى لەناو خاکی هەرێمدا
ههبوه، ئێستا كه ئهمه ڕویداوه دهڵێن، "ئهو ههنگاوهى توركیا وەک غەدرو پێشێلکارییەکی ڕون لەدژی پرۆسەی ئاشتییو
داگیرکردنی ڕاستەوخۆی خاکی باشوری کوردستان سەیر دەکرێت کە لەساڵی 2019وە بەردەوامی
هەیە".
شارپرێس ئهوهشى زانیوه، تورکیا 136 تا
139 بنکە، بارەگاو خاڵی سەربازیی کاتیو هەمیشەییه لەهەرێمی کوردستاندا، ئەم ژمارەیەش
پێش ساڵی 2018 تەنها 15 بارەگای سەرەکیی بوو، بەڵام لەدوای ئۆپەراسیۆنەکانی وەک
"پەنچە-كلیل" بەڕێژەی 89٪ زیادیکردوە، بارەگاكانیش هێڵێکی ئەمنی (کەمەرەیی)یان
بەدرێژایی سنور دروستکردوە کە لەهەندێک شوێندا 20 تا 40 کیلۆمەتر دەچێتە ناو قوڵایی
خاکی ههرێمى کوردستانەوە.
ههر لهو زانیاریانهى دهست شارپرێس كهوتون،
تورکیا چەندین بنکەی سەربازیی گهورهى هەیە کە وەک فڕۆکەخانەو ناوەندی ئۆپەراسیۆن
بەکاریاندههێنى، بۆ نمونه بنکەی بامەڕنێ (لەدهۆک)، گەورەترین بنکەی سەربازیی
تورکیایە لەهەرێم، کە خاوەنی فڕۆکەخانەی سەربازیی تایبەت بەخۆیەتی، ههروهها بنکەکانی
کانی ماسی، بێگۆڤاو باتیفا، ئهوانیش دەکەونە ناوچەی بادینانو ژمارەیەکی زۆر هێزی
کۆماندۆزو تانکیان تێدا جێگیرکراوە، هاوكات بنکەی باشیقە (باشیك) كه دەکەوێتە
باکوری موسڵو دەرەوەی ئیدارهى هەرێمه، لهوێش سەدان سەربازو دەیان تانکی شەڕکەری
تێدایە.
جگە لەپێگەی سەربازیی چەکداریی، دەزگای هەواڵگری
تورکیا (میت) چالاکی بەربڵاوی هەیە، لەشارەکانی (دهۆک، هەولێر، زاخۆو ئامێدی) بنکەی
سەرەکی ڕاگەیاندنو هەواڵگریی هەیە، بهگوێرهى سەرچاوە ئەمنییەکانیش، بەشێک لەچالاکییە
هەواڵگرییەکانیان لەژێر ناوی کۆمپانیاکانی بازرگانی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
یان ناوەندی کولتوری لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمدا بەڕێوەدهبهن بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی
لەسەر جوڵەی گەریلاکانى پهكهكه.
شارپرێس لهسهرچاوهى تایبهتهوه ئهوهشى
زانیوه، تورکیا لەڕێگەی دروستکردنی زیاتر لە 660 کیلۆمەتر ڕێگەی سەربازیی نوێوە،
تەواوی ئەو بارەگاو خاڵە سەربازییانەی بەیەکەوە بەستوەتەوە بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆی
هێزەکانی.
کاردانەوەی فەرمی حکومەتی هەرێم لەسەر پێشڕەوییە
سەربازییەکانی تورکیاو جێگیربونی لەو 72 خاڵە نوێیەو هاوكات زیاتر لە 139 بارەگای
دیكه، هەمیشە لەچوارچێوەی ڕەتکردنەوەی شەڕو پاراستنی هاوسەنگیی دیپلۆماسیدا بوە،
لایەنە فەرمییەکانی هەرێم دۆخی کێشەکە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێننەوە، تۆمەتبارکردنی
پەکەکە بەڕاکێشانی شەڕ، حکومەتی هەرێم (تیمى پارتى) لهو ڕوهوه دهڵێت،
"بونی پەکەکە لەگوندو چیاکانی سەر سنور، بیانوی داوەتە دەست سوپای تورکیا بۆ
بەزاندنی سەروەریی خاکەکەو چۆڵکردنی سەدان گوندی ناوچەکە".
هاوكات بەرپرسانی هەرێم پێیانوایە، پاراستنی
سنورەکان لەڕوی یاسای نێودەوڵەتییەوە لەئەستۆی حکومەتی فیدراڵیی بەغدایە، هەرێم گلەیی
لەوە هەیە کە بەغدا هەڵوێستی توندی نییەو ڕێگریی ناکات لەپێشڕەوییەکان، لەکاتێکدا
هێزەکانی پێشمەرگە کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو و دژە فڕۆکەیان لەبەردەستدا نییە
تا ڕوبەڕوی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا ببنەوە.
جگە لەلایەنی فەرمی، کاردانەوەی جەماوەرییو
حزبی بەتایبەت لەسلێمانیو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن زۆر توندترە؛ ئەوان هێرشەکان بەداگیرکارییەکی
بێدەنگو پڕ مەترسیی بۆسەر قەوارەی هەرێم دەزاننو داوادەکەن، هێزی پێشمەرگە هێڵێکی
بەرگریی نیشتمانی دروستبکاتو كۆمهڵگهى نێودهوڵهتیش لهسهر ئهو لهشكركێشیه
بهردهوامانه بێتهدهنگو ههڵوێستى جدیی ههبێت.
