پاره‌یه‌كى زۆرى به‌رپرسێكى باڵا له‌هه‌ولێر ده‌ستى به‌سه‌رداگیرا

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6920 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە، نوێترین ئاماری تایبەت بەو پارەو موڵکانە بڵاوکردەوە کە لەدۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، دەستیان بەسەرداگیراوە، زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌یه‌كێك له‌باخه‌كانیدا له‌شارى هه‌ولێر، بڕى 20 ملیار دینار ده‌ستى به‌سه‌رداگیراوه‌.


به‌گوێره‌ى بەیاننامەی فەرمیی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لەئەنجامی بەدواداچونی ورد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لەپڕۆژەکانی ژێر دەسەڵاتی تۆمەتباردابون، کۆی گشتیی پارە دەستبەسەرداگیراوەکان گەیشتوەتە (10) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی‌و (31) ملیار دیناری عێراقی.

لەبەیاننامەکەدا هاتوە، هەوڵەکانی دادگا لەڕۆژی یەکشەممەی ڕابردودا سەرکەوتوبوە لەدەستبەسەرداگرتنی نزیکەی (20) ملیار دیناری عێراقی کە لەناو کێڵگەیەکی کشتوکاڵیدا شاردرابوەوە. هاوکات، لەپارێزگایەکی دیکەشدا ڕێگریی لەقاچاخکردن‌و تێپەڕاندنی پێنج ملیار دیناری دیکە کراوە.

دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە، ڕێکارە یاساییەکان گەیشتونەتە قۆناغی دەستبەسەرداگرتن‌و حجزکردنی 70 موڵك‌و خانوو، لەگەڵ 21 ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز، جیا لەوانەش، دەستبەسەر نزیکەی سێ کیلۆگرام زێڕدا گیراوە، لێکۆڵینەوەو ڕاودونانی تۆمەتبارانی دیکەی دۆسیەکە تاوەکو جێبەجێکردنی تەواوی یاسا بەردەوامدەبێت.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، پرۆسەی دۆزینەوەو دەستبەسەرداگرتنی پارەو موڵکەکانی عەدنان جومەیلی هەم له‌هەرێمی کوردستان له‌(شاری هەولێر)و هەم شارەکانی دیکەی عێراق (بەغداو سەڵاحەدین) بوه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، ئەو 20 ملیار دینارەی دوێنێ لەناو کێڵگەیەکی کشتوکاڵیدا دۆزرایەوە، به‌گوێره‌ى لێکۆڵینەوەکان‌و گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان لەشاری هەولێرو بەشێکیشی لەکێڵگەیەکی قەزای بێجی لەپارێزگای سەڵاحەدین بوە.

ئەو 70 خانوو و موڵكه‌ى دیكه‌ش كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌، بەشێکی زۆریان لەسێ پارێزگای سەرەکیدا دابەشبون کە بریتین لەهەولێر، بەغداو سەڵاحەدین، تۆمەتباره‌كه‌ش واته‌ عەدنان جومەیلی (کە پێشتر بەڕێوەبەری پاڵاوگەی بێجی‌و کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکور بوە) لەناوچەی ئیسحاقی لەپارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوه‌.

بەپەلە