پارتی له‌په‌یامێكى تونددا بۆ لایه‌نه‌كان: چیتر دواخستنی پەرلەمان قبوڵناکرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2499 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەخاتە بەردەم بەڵێنی ڕێککەوتنە مۆرکراوەکان‌و ڕایدەگەیەنێت، "هەر هێزێک ڕێگریی لەکاراکردنەوەی پەرلەمان بکات، ئۆباڵی نەتەوەیی‌و نیشتمانیی دواکه‌وتنی پرۆسەکە دەگرێتە ئەستۆ"، ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسیش ده‌ڵێت، "پارتی دیموکراتی کوردستان داوای کاراکردنەوەی دەستبەجێی پەرلەمان دەکات، چونكه‌ خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە چارەنوسی دەنگەکانیان بزانن‌و چیتر دواخستن قبوڵناکرێت".


هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ وه‌فدێكى سیاسیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لەعێراق‌و کونسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لەهەرێم، دواین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی تاووتوێکردو جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی حزبه‌كه‌ى کردەوەو وتى، "خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە بزانن دەرئەنجامی بەشداریی‌و دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەکوێگەیشتوە، لەئێستادا هیچ بیانویەک بۆ کارانەکردنی پەرلەمان نەماوە".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، "هەر لایەن یان کەسێک ببێتە ڕێگرو کۆسپ لەبەردەم کاراکردنی پەرلەماندا، ئۆباڵی یاسایی، سیاسیی، نەتەوەیی‌و نیشتمانیی دەکەوێتە ئەستۆو ڕوبەڕوی بەرپرسیارێتییەکی مێژویی دەبێتەوە".

لەکۆتاییدا هێمن هەورامی ڕونیکردوه‌ته‌وه‌، پارتی لەماوەی ڕابردودا بەپشودرێژییەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کردوە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین مانگ گفتوگۆی ئەنجامداوەو ڕێککەوتنی سیاسیی مۆرکردوە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە.

بەپەلە