له‌قه‌ته‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ ڕویداو قوربانییه‌كى زۆر هه‌یه‌

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1362 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ئەمڕۆ دوشەممە ئاشكرایكرد، ژمارەی ئەوکەسانەی لەئەنجامی تەقینەوەکەی یەکێک لەکارگەکانی ناوچەی پیشەسازیی برینداربون، گەیشتوەتە 54 کەس، ده‌شڵێت، "18 كه‌سیش بێسه‌روشوێنن‌و تائێستا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌".


وەزارەتی ناوخۆی قەتەر لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوه‌، "کۆی گشتیی ژمارەی بریندارەکان لەو ڕوداوەی کە لەیەکێک لەکارگەکانی ناوچەی پیشەسازیی ڕەس لافان ڕویدا گەیشتوەتە (54) کەس، لەکاتێکدا گروپی گەڕان‌و ڕزگارکردنی نێودەوڵەتی قەتەر سەر بەهێزی ئاسایشی ناوخۆ (لێخویا)، بەهاوکاری لەگەڵ تیمەکانی بەرگریی شارستانی، بەردەوامن لەپرۆسەکانی گەڕان بەدوای (18) کەسی بێسەروشوێندا".

وەزارەتی ناوخۆی قەتەر پێشترو لەئێوارەی دوێنێ یەکشەممەدا ڕایگەیاندبوو، "تەقینەوەیەکی ناوخۆیی لەیەکێک لەکارگەکانی ناوچەی پیشەسازیی ڕەس لافان لەئەنجامی ڕوداوێکی تەکنیکییەوە ڕویداوە".

وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ڕونیکردوه‌ته‌وه‌، "ڕوداوەکە بەهۆی تێکچونێکی تەکنیکی لەکاتی کارپێکردندا لەیەکێک لەکارگەکانی ناوچەی پیشەسازیی ڕەس لافان کەوتوەتەوەو بوەتە هۆی برینداربونی چەند کەسێک، بێئەوەی هیچ دزەکردنێک ڕوبدات کە مەترسی لەسەر سەلامەتی تاکەکان دروستبکات، لەکاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لەمامەڵەکردن لەگەڵ ڕوداوەکەدا".

لای خۆیەوە، کۆمپانیای (قەتەر وزە) هۆکاری تەقینەوەکەی گەڕاندەوە بۆ ڕوداوێکی کارپێکردن لەکاتی دەستپێکردنی پرۆسەکان لەشارۆچکەی پیشەسازیی ڕەس لافان، کە بوە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لەکارگەی بەرزان، کە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی غازی ناوخۆیی بەکاردێت.

بەپەلە