شارپرێس:
لە کاتێکدا سۆشیاڵ میدیا پڕ بووە لە هۆشداریی توند بەرامبەر بە خواردنی نانی سپی و وەک "ژەهرێکی سپی" ناوی دەبەن، ڕاپۆرتێکی نوێی زانستیی کە لە ماڵپەڕی ئەلجەزیرە بڵاوکراوەتەوە، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە زۆربەی ئەم دەنگۆیانە بنەمایەکی زانستییان نییە و تەنها بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بینەرن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، نانی سپیی لە ئێستادا بۆتە "تاوانباری یەکەمی خۆراکی" لە پلاتفۆرمەکانی وەک تیک تۆک و ئینستاگرام.
زۆرێک لە چالاکوانانی بواری تەندرووستیی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نانی سپیی دەبێتە هۆی شەکرە، قەڵەوی و تەنانەت وەک ماددەیەکی لکێنەر بە ڕیخۆڵەکانەوە دەنووسێت.
بەڵام پسپۆڕانی زانستیی ئاماژە بەوە دەکەن کە جەستەی مرۆڤ زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە تەنها یەک جۆرە خۆراک بەرپرس بێت لە هەموو نەخۆشییەکان.
ڕاستییەکان چی دەڵێن؟: نانی سپیی لە ئاردی دابێژراو درووست دەکرێت، کە تێیدا توێکڵی گەنمەکە لادەبرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نانی سپیی بڕێکی کەمتر لە ڕیشاڵ (Fiber) و ڤیتامینەکانی تێدا بێت بەراورد بە نانی گەنم. زانست پشتگیری ئەوە دەکات کە نانی گەنم (تەواو) بژاردەیەکی تەندروستترە، بەڵام ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە نانی سپی ماددەیەکی زیانبەخش یان ژەهراوی بێت.
سەبارەت بەو دەنگۆیەی دەڵێت نانی سپی دەبێتە "شەکر"، ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە هەموو کاربۆهیدراتەکان، لەوانەش برنج، پەتاتە و میوەکان، لە کاتی هەرسکردندا دەگۆڕێن بۆ گلوکۆز بۆ ئەوەی جەستە وەک وزە بەکاریان بهێنێت.
کێشەکە لە خودی نانەکەدا نییە، بەڵکو لەو بڕە دایە کە مرۆڤ دەیخوات و ئەو جۆرە خۆراکانەی کە لەگەڵیدا دەخورێن.
کەی نانی سپی پێویستە؟ پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا، نانی سپی بژاردەی یەکەمە، بۆ نموونە ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی کۆڵۆن، نەخۆشیی کرۆن، یان هەوکردنی ڕیخۆڵەیان هەیە، پێویستیان بە خۆراکێکە کە ڕیشاڵی کەم بێت تاوەکو ڕیخۆڵەکانیان تووشی خورانی زیاتر نەبێت. لەم کاتانەدا نانی سپی بەهۆی ئاسانی هەرسکردنی، لە نانی گەنم گونجاوترە.
لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەندروستی مرۆڤ بەستراوەتەوە بە شێوازی گشتیی ژیان، وەرزش، خەو و هاوسەنگی لە خواردندا. گۆڕینی نانی سپی بۆ نانی گەنم هەنگاوێکی باشە، بەڵام پێویست ناکات مرۆڤ تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بێت لە خواردنی پارچە نانێکی سپی، چونکە ترساندن لە خۆراکەکان زۆرجار بازرگانییە نەک زانست.