نەخشەڕێگه‌یەکی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان‌و کەمکردنەوەی سزای تۆمەتبارانی گەندەڵی ئاشكراده‌كرێت

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئه‌نجومه‌نى وەزیران، نەخشەڕێگه‌یەکی یاسای‌و دەستوریی نوێی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی دارایی‌و کارگێڕیی ئاشکراکرد، پلانەکە ئامانجی خێراکردنی پڕۆسەی وەرگرتنەوەی سامانی گشتییە، ئەمەش لەڕێگەی کەمکردنەوەی سزای دۆسیەکانی گەندەڵی، بەو مەرجەی تۆمەتباران بەشێوەیەکی خۆبەخشانە پارە دزراوەکان بگەڕێننەوە بۆ دەوڵەت.


دادوەری عێراق لەڕونکردنەوەیەکی بەرفراواندا ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆسەی ئازادکردنی نور زهێر تۆمەتباری سەرەکی دۆسیەی (دزیی سەدە) لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان سەرۆکایەتی دادوەریی‌و حکومەتی پێشوو بوە، ئامانجیش لێی، گەڕاندنەوەی پارەکان بوە بەقیست کە تائێستا 365 ملیار دینار لەکۆی زیاتر لەتریلیۆنێک‌و 618 ملیار دینار وەرگیراوەتەوە.

نور زوهێر ئێستا هەڵاتوە بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، له‌كاتێكدا پێشتر بەکەفالەت ئازادکرابوو بەو مەرجەی پارەکان بەقیست بگەڕێنێتەوە، بەڵام پڕۆسەی پێدانی پارەکەی ڕاگرت‌و بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتوه‌، بەهۆی ئەم هەڵاتنەیەوە، دادگا بەغیابی (واتا بەبێ ئامادەبونی خۆی) حوکمی 10 ساڵ زیندانی بۆ بڕیوەتەوەو ئێستا ناوی دراوە بەپۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) بۆ ئەوەی لەدەرەوەی عێراق دەستگیربکرێت.

دۆسیەى سزادانی فەرمانبەران‌و بەرپرسانی حکومی چەندین حوکمی توندی دیكه‌ى بەدوای خۆیدا هێناوە، سزادانی 12 فەرمانبەری دەستەی باج بەزیندانیکردن بەهۆی ئاسانکاریی بۆ ڕاکێشانی نایاسایی پارەکان، سزادانی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی پێشوترو چەند ڕاوێژکارێک، بلۆککردنی موڵک‌و ماڵی گواستراوەو نەگواستراوەی سەرپێچیکاران لەعێراق‌و دەوڵەتی کوه‌یت، دادگا-ش ڕایگەیاندوه‌، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشوتر (کە تاوانەکە لەسەردەمی ئەودا ڕویدابوو) بەهۆی نەبونی بەڵگەی پێویست داخراوە.

ئەو دۆسیەیەی کە دادگا بەهۆی نەبونی بەڵگەوە دایخستوە، دۆسیەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشوتره‌، چونکە تاوانی (دزیی سەدە) لەسەردەمی حکومەتەکەی ئەودا ڕویداوە، محەمەد شیاع سودانی لەکاتی خۆیدا حکومەتەکەی لەگەڵ سەرۆکایەتی دادگا نەخشەڕێگاکەیان داناوە بۆ وەرگرتنەوەی پارەکان، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراقیش عەلی زەیدیی، بەردەوامە لەسەر هەمان سیاسەت‌و جەختیکردوەتەوە، تۆمەتبارانی گەندەڵی هیچ ڕێگەیەکیان نییە جگە لەگەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری جەختیکردەوە، هەمان ڕێکاری گەڕاندنەوەی ئەنقەست‌و کەمکردنەوەی سزا پەیڕەو دەکرێت بۆ دۆسیەی (کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکور) کە تێیدا پەرلەمانتاران‌و تۆمەتباری دەستبەسەرکراو عەدنان جومەیلی تێوەگلاون، بەڵام دادگا هۆشداریی توندیداوه‌، ئەم لێخۆشبونە مەرجدارە تەنها ئەو تاوانانە دەگرێتەوە کە پێش هەموارکردنەوەی یاسای لێخۆشبونی گشتیی ئەنجامدراون، هەر تاوانێکی گەندەڵی کە دوای کارپێکردنی یاسا نوێیەکە ئەنجامدرابێت، بەهیچ شێوەیەک نەکەوێتە ژێر چەتری لێخۆشبون‌و ڕێکاری یاسایی زۆر توندتریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

به‌واتاى ئه‌وه‌ى، عه‌دنان جومه‌یلى ڕاستەوخۆ ئازاد ناکرێت، بابەتەکە مەرجدارە؛ دادگا پێیڕاگەیاندوە، ئەگەر ئەو پارەیەی لایەتی بەتەواوی بیگەڕێنێتەوە بۆ دەوڵەت، ئەوا سزاکەی سوکدەکرێت، نەک ئەوەی بێتاوان بێت یان بەبێ سزا ئازادبکرێت، ئەمەش تەنها بەو مەرجەیە ئەگەر تاوانەکەی پێش هەموارکردنەوەی یاسای لێخۆشبون ئەنجامدابێت.

بەپەلە