دواى ڕاهێنانی سه‌ربازیى.. توركیا ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌رى سوریى ڕه‌وانه‌ى ئه‌فریقیا ده‌كات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2261 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەژێر ناوى (خولی پێگەیاندنی سەرکردە سەربازییەکان)، تورکیا ئامادەکاریی دەکات بۆ ناردنی ژمارەیەکی نوێ لەچەکدارانی باکوری سوریا بۆ وڵاتانی ئەفریقیا؛ ئەمەش دوای ئەوەی گشتاندنێکی فەرمی فیرقەیەکی سەر بەئەنكەرە ئاشکرایکردوە، 10 ئەفسەری کەتیبەکان بۆ ماوەی دوو مانگ لەکیلیس دەخرێنە ژێر ڕاهێنانی تایبەتەوە.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانە ئاژانسى رۆزپرێس ئاشكرایكردوه‌، سەرکردایەتی (فیرقەی 72) کە بەستراوەتەوە بەگروپە چەکدارەکانی سەر بەتورکیا، گشتاندنێکی ناوخۆیی بۆ فەرماندەی لیواکان دەرکردوە کە تێیدا هاتوە، دەبێت 10 ئەفسەر لەفەرماندەی کەتیبەکان ئامادەبکەن بۆ بەشداریکردن لەخولێکی ڕاهێناندا کە بۆ ماوەی دوو مانگ لەشاری کیلیسی تورکیا بەردەوامدەبێت، بەجۆرێک بەرنامەی ڕاهێنانەکە لەسەرەتای ئەم مانگەوە دەستیپێكردوه‌.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، سەرکردایەتی فیرقەکە داوای لەفەرماندەی لیواکان کردوە ناوی ئەو ئەفسەرانە بەرزبکەنەوە کە كاندیدکراون بۆ بەشداریکردن لەخولەکەدا، وەک پێشەکییەک بۆ ناردنیان بۆ تورکیا، کە لەوێ لەژێر سەرپەرشتی ئەفسەرێکی تورک‌و یەکێکی دیكه‌ى پاکستانی ڕاهێنان وەردەگرن، لەچوارچێوەی بەرنامەیەکدا کە دوو مانگ دەخایەنێت.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، دوو ئەفسەر لەشاری (سەرێکانی) هەڵبژێردراون کە یەکێکیان نەقیب ساڵح ئەحمەد ئەلجەعفەرە کە لەعەشیرەتی ئەلعەدوانەو خەڵکی گوندی تەل بێدەرە، لەکاتێکدا ئەفسەری دوەم خه‌ڵكى شاری دەرعایە، بەڵام لەئێستادا لەشاری (سەرێکانی) نیشتەجێیە.

سەبارەت بەبەشداربوانی دیكه‌ى خولەکە، کە ژمارەیان هەشت ئەفسەرە، ئەوان لەشاری حەلەب‌و دەوروبەرین، کە لەچوارچێوەی گشتاندنەکەی سەرکردایەتی فیرقەکەدا بۆ بەشداریکردن لەبەرنامەی ڕاهێنانەکە هەڵبژێردراون.

زانیارییەکان ڕونیدەکەنەوە، خولەكه‌ لەشاری کیلیسی تورکیاو لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئەفسەرێکی تورک‌و ئەفسەرێکی پاکستانیدا بەڕێوەدەچێت‌و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوامدەبێت، ئامادەکردنی بەشداربوانیش لەچوارچێوەی بەرنامەیەکی تایبەت بەفەرماندەی کەتیبەکاندا لەخۆدەگرێت.

هه‌روه‌ك به‌شێكى دیكه‌ى زانیاریه‌كان ڕونیكردوه‌ته‌وه‌، ئەو قۆناغەی کە لەدوای کۆتاییهاتنی خولەکە دێت، بریتیدەبێت لەناردنی ئەفسەرە بەشداربوەکان بۆ تورکیا، لەچوارچێوەی ئەو ڕێکخستنانەی کە سەرکردایەتی فیرقەکەی پێ ئاگادارکراوەتەوە لەناو گشتاندنە ناوخۆییەکەدا.

ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی ئەو جوڵانەدا دێت کە پەیوەستن بەدوبارە شیاندنه‌وه‌ى ژمارەیەک لەفەرماندە سەربازییەکانی سەر بەگروپە چەکدارەکان، لەڕێگەی بەرنامەی ڕاهێنان لەدەرەوەی خاکەکانی سوریا، کە تێیدا بەشداربوان لەناوچە جیاوازەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو گروپانه‌ هەڵدەبژێردرێن‌و لەپێشەنگیاندا (سەرێکانی)و ناوچەکانی دەوروبەری حەلەب.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، ئامانجی کۆتایی لەم هەنگاوە بریتییە لەئامادەکردنی ئەو فەرمانده‌ سه‌ربازییانه‌و گروپگه‌لێكى دیكه‌ى چه‌كدار بۆ ئه‌وه‌ى ڕەوانەی وڵاتانی ئەفریقیا بکرێن، ئەمەش دوای تەواوکردنی ماوەی ڕاهێنانی بڕیاردراو لەشاری کیلیسی تورکیا.