شارپرێس:
هەڵمەتی بەرفراوانی دژە گەندەڵی لەعێراق کە بەناوی (ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان) ناسراوە، چوە قۆناغێکی نوێوە، بهگوێرهى زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکان، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆرو دەستەی دەستپاکی، تەڵاڵ زەوبەعی سەرۆکی پێشوی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراقیان لەماڵەکەی خۆیدا لەناوچەی حارسیەی بەغدا دەستگیرکردوە.
ئەم هەڵمەتەى حکومەتەکەی عەلی زەیدیی کە لە28ی حوزەیرانی 2026وه دەستیپێکردوە، تائێستا بوەتە هۆی دەستگیرکردنی نزیکەی 67 کەسایەتیی باڵای سیاسییو کارگێڕیی، زۆربەی ئەو پێشهاتانەش دوای دانپێدانانە گرنگەکانی عەدنان جومەیلی بریکاری پێشوی وەزارەتی نەوت دێن کە پەردەی لەسەر تۆڕێکی گەورەی گەندەڵیو بەفیڕۆدانی سامانی گشتیی لادا.
تەڵاڵ زەوبەعی لەنێوان ساڵانی 2014 تا 2018 سەرۆکایەتی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراقی کردوە، بەهۆی بونی چەند تۆمەتێک لەسەری، پەرلەمانی عێراق هەر لەساڵی 2019دا پارێزبەندیی یاسایی لێسەندبوەوە.
لەئێستادا لایەنە دادوەرییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ دیاریکردنی ئەوەی ئایا دەستگیرکردنی ناوبراو ڕاستەوخۆ بەدانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلییەوە بەستراوەتەوە، یان پەیوەندیی بەدۆسیەیەکی دیکەی سەربەخۆی گەندەڵییەوە هەیە.
