شارپرێس:
لەکاتێکدا عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، خۆی بۆ سەردانێکی فەرمیی بەرەو واشنتن ئامادەدەکات، بەرەی ناسراو بە"مقاوەمە ئیسلامیی لەعێراق" ڕەتیدەکاتەوە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکات.
ئەم هەڵوێستە حکومەتی بەغدا دەخاتە بەردەم تەحەدایەکی ئاڵۆزی سیاسییو ئەمنییەوە، بەتایبەت کە ئەمریکا گوشار دەکات بۆ داماڵینی چەکو پچڕانی پەیوەندیی ئەم گروپانە لەگەڵ ئێران.
پێشتر حکومەت کۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتوی وەک دوا مۆڵەت دیاریکردبوو بۆ کۆکردنەوەی چەک کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان.
زەیدی ڕایگەیاندبوو، گفتوگۆ لەگەڵ میلیشیاکاندا هەیە بۆ گۆڕینی چالاکییەکانیان بۆ کایەی سیاسییو کۆمەڵایەتییو دوای ئەو وادەیەش چەک بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دەبێت.
لەبەرامبەردا، ئەبو حوسێن حەمیداوی بەرپرسی «کەتائیبی حزبوڵڵا» کە ئەمریکا لەنیسانی 2025دا پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ زانیاریی پێدان لەسەری دیاریکردبوو، بەتوندی هێرشی کردەسەر حکومەتو داوای لێکرد ملکەچی ئیرادەی مقاوەمە بێتو هۆشداریدا لەلادان لەم ڕێڕەوە.
حهمیداوى ڕاشكاوانه لهبارهى گروپه چهكدارهكانهوه تەحەدای زەیدیی كردو جهختى لهسهر بەیعەتدان بەخامنەیی كردهوه.
گروپەکانی دیکەی سەر بە"مقاوەمە ئیسلامی" کە هاوئاراستەی سوپای پاسدارانی ئێرانن، جەختیانکردەوە، چەکەکەیان جێگەی سازش نییەو پەرە بەتواناکانیان دەدەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە موقتەدا سەدر فەرمانی بە"سەرایای سەلام" کردوە چەکەکانیان ڕادەستبکەنو هەریەک لە"عەسائیبی ئەهلی حەق"و "کەتائیبی ئیمام عەلی"ش وەڵامی داواکارییەکەی دەوڵەتیان داوەتەوە.
چاودێران لەسەر ئەم پرسە دابەشبون؛ هەندێکیان پێیانوایە، بەبێ ڕەزامەندیی ئێران ئەم هەنگاوە مەحاڵە، بەڵام نزار حەیدەر شیکەرەوەی سیاسیی پێیوایە، لەپشت پەردەوە ڕێککەوتنی نهێنیی هەیە کە دواجار دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان.
حەیدەر ئاماژە بەوەدەکات، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2003وە ئامادەکاریدەکات بۆ دەرکردنی یاسایەک کە تێیدا هەر چالاکییەکی چەکداریی دەرەوەی دەوڵەت وەک تیرۆر بناسێنێتو سزاکەی بگاتە سێدارەدان.
بەبڕوای ئەو، ئەم یاسایە هاوکاریی حکومەت دەکات لەجێبەجێکردنی پلانەکەیدا کە هاوشانە لەگەڵ پاککردنەوەی دەزگا ئەمنییەکان لەو لایهنانهى پابەندی بڕیارەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان نابن.
