شارپرێس:
بەئامانجی کۆتاییهێنان
بەپشتبەستنی ڕەها بەداهاتی نەوت، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی
چارەنوسسازی ئەنجومەنی باڵای سەقامگیریی دارایی کرد؛ تێیدا نەخشەڕێگهیەکی خێرا بۆ
چارەسەرکردنی قەیرانی سیولە، پەرەپێدانی داهاتە ناوخۆییەکانو ئەنجامدانی چاكسازیى
ڕیشەیی لەسیستەمی بانکیدا پەسەندکرا.
ڕاگهیهنراوێك ئاشكرایكردوه،
ئەنجومەنهكه لەخولێکی نوێی کۆبونەوەکانیدا بەسەرۆکایەتی عەلی زەیدی، پلانێکی
گشتگیری بۆ ڕزگارکردنی ئابوریی وڵات لەپشتبەستنی ڕەها بەداهاتی نەوت تاووتوێکرد، کۆبونەوەکە
چڕبوەوە لەسەر پەرەپێدانی سەرچاوە ناوخۆییە نانەوتییەکانو ڕێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکان.
ڕاگهیهنراوهكهى ئهنجومهنى
باڵاى سهقامگیریى دارایی تێیدا هاتوه، "لەو دانیشتنەدا کە سەرجەم سەرکردەو
بەڕێوەبەرانی دامەزراوە داراییەکان ئامادەیبونه، میکانیزمی بەپەلە بۆ دابینکردنی
سیولەی نەقدی (پارهى كاش) لەبازاڕەکاندا پەسەندکرا، هاوکات بڕیاردراوه بۆ خێراکردنی
پرۆسەی چاکسازیی لەکەرتی بانکیدا درا بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی ئابوریی سەقامگیرو
متمانەپێکراو".
باس لهوهشكراوه، ئەنجومەنەکە
نەخشەڕێگهیەکی نوێی بۆ یەکخستنی تەواوی نێوان سیاسەتی دارایی دەوڵەتو سیاسەتی نەقدی
بانکی ناوەندیی داڕشتوه كه ئەو هەنگاوەش وەک تاکە گەرەنتی سەیر دەکرێت بۆ
پاراستنی بەهای دراوو کەمکردنەوەی کاریگەریی هەڵاوسانی ئابوریی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان.
زەیدیی سەرجەم وەزارەتو
لایەنە پهیوەندیدارەکانی ڕاسپاردوه کە دەستبەجێ چارەسەری پراکتیکیو واقعبینانە
بۆ ههڕهشه داراییەکان بگرنەبەرو جەختیشیکردوهتهوه، بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە
هێڵی سورە، چونكه سهرجهمیان بۆ بەرزکردنەوەی توانای ئابوریی نیشتمانیه بەرامبەر
گۆڕانکارییە خێراکانو وەزارەتەکانیش نابێت چیتر کات بەفیڕۆ بدهن لەپرۆسەی چاکسازیدا.
