شارپرێس:
ئابیلاردۆ دی لا ئیسپریێلا سەرۆکی نوێی کۆڵۆمبیا بەفەرمی لەئاهەنگێکدا لەشاری (کالی) لەباشوری ڕۆژئاوای وڵاتهكهى سوێندی دەستبەکاربونی خوارد، سەرۆکی نوێ کە یاساناسێکی ڕاستڕەوی پاراستنخوازەو خاوەنی ڕەگەزنامەی دوانی ئەمریکیو کۆڵۆمبییە، لەیەکەم گوتاری سەرۆکایەتیدا گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵی لەسیاسەتی ناوخۆییو دەرەوەی وڵاتەکەیدا ڕاگرتو کۆتاییهێانی بەقۆناغی دانوستانو پرۆسەی ئاشتیی لەگەڵ گروپە چەکدارەکان ڕاگەیاند.
دی لا ئیسپریێلا کە بەهۆی هەڵمەتە توندەکانی دژ بەتاوانکاریی بە"پڵنگ" ناسراوە، بەشێوازێکی توند دژ بەگروپە چەکدارەکانو کارتێلەکانی مادەی هۆشبەر وەستایەوەو ڕایگەیاند، "بژاردەی گفتوگۆ بەتەواوی کۆتایی پێهاتوە".
ناوبراو بەڵێنیدا کە بەتوندیو بەهێزی سەربازیی هێرشبکاتەسەر حەشارگەکانی تیرۆریستانی بازرگانی مادەی هۆشبەر، تاقیگەکان لەنێو جەنگەڵەکاندا بۆردومان بکاتو هاوشێوەی مۆدێلی وڵاتی ئێلسالڤادۆر، "زیندانی زەبەلاحو گەورە" بۆ دابڕینی تەواوی سەرکردەی گروپە چەکدارەکان دروستبکات، ئەم هەنگاوەش بەتەواوی پێچەوانەی سیاسەتەکانی گۆستافۆ پێترۆ سەرۆکی پێشوی چەپڕەوی وڵاتەکەیە کە لەچوارساڵی ڕابردودا هەوڵی دانوستانی لەژێر ناوی "ئاشتی گشتگیر" دەدا.
لەلایەنی دەرەوەدا، کۆڵۆمبیا گۆڕانکارییەکی جێوگرافی-سیاسی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، سەرۆکە نوێیەکە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە پاڵپشتیکرابوو، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەچێتە پاڵ هاوپەیمانێتییە ئەمنییە نوێیەکەی ئەمریکا بەناوی "قەڵغانی ئەمریکاکان" بۆ بەرەنگاربونەوەی کارتێلەکانو ئامادەیی خۆشی پیشاندا بۆ ڕێگەدان بەجێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی کۆڵۆمبیا بەمەبەستی شەڕی هاوبەش دژی قاچاخچێتی.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەفەرمی ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ کار لەگەڵ کۆنگرێس دەکات بۆ دابینکردنی هاوکاری ئەمنی بەبەهای یهك ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ پشتگیریکردنی حکومەتەکەی دی لا ئیسپریێلا لەبەدیهێنانی ئامانجە ئەمنییە هاوبەشەکاندا.
هەر لەچوارچێوەی گۆڕینی هاوپەیمانێتییەکاندا، ئیدارە نوێیەکە ئاراستەی خۆی گۆڕیی بەهەڵپەساردن یان داخستنی باڵیۆزخانەکانی کۆڵۆمبیا لەوڵاتانی وەک کوبا، نیکاراگواو فەڵەستین کە لەسەردەمی سەرۆکی پێشودا پەرەیان پێدرابوو، نۆژەنکردنەوەو ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، ڕاگرتنی خەرجییە گشتییەکانی دەوڵەت بەڕێژەی 40٪ بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، لەگەڵ گەڕانەوەی بەهێز بۆ کەرتی نەوتو گاز لەڕێگەی ڕێگەدان بەتەکنیکی توندو مشتومڕهەڵگری تەقاندنی هیدرۆلیکی بۆ بەرزکردنەوەی یەدەگی وزەی وڵاتەکە.
ئەم وەرچەرخانە سیاسییە، کۆڵۆمبیا دەخاتە ڕیزی ئەو وڵاتە ئەمریکای لاتینیانەی کە لەمدواییانەدا بەرەو ڕاستڕەوی توندو پاراستنخوازی هەنگاویان ناوە، هاوشێوەی ئەرجەنتینو سلڤادۆر، ئەمەش ململانێ ناوخۆییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ دواین گروپی چەکداری چەپڕەو (ELN) دەخاتە سەر لێواری قۆناغێکی نوێو خوێناوی لەشەڕدا.
