شارپرێس:
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەهۆشدارییەکی تونددا داوا لەکابینەکەی بنیامین ناتانیاهۆ دەکات هێرشە میدیاییەکانیان بۆسەر واشنتۆن ڕابگرن، ڕاشیدەگەیەنێت، ئەمریکا دوایین هاوپەیمانی بەهێزی ئیسرائیلە لەجیهانداو تەلئەبیب ناتوانێت دەستبەرداری بێت.
جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توند ئاڕاستەی ئەندامانی کابینەی حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکاتو داوایان لێدەکات لەهێرشکردنەسەر ئەمریکا، وەک دوایین هاوپەیمانی بەهێزی وڵاتەکەیان، خۆیان بەدوربگرن.
ڤانس لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا لەکۆشکی سپی ڕایگەیاند، "دۆناڵد ترەمپ تەنها سەرکردەی جیهانە کە لەئێستادا هاوسۆزی بۆ ئیسرائیل هەیە، ئەو سەرکردەی بەهێزترین دەوڵەتی جیهانە".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، "ئەگەر من ئەندامی کابینەی ئیسرائیل بوایەم، هێرشم نەدەکردهسەر دوایین هاوپەیمانی بەهێز کە لەسەرتاسەری جیهاندا بۆم مابێتەوە".
ئەم لێدوانە توندەی ڤانس دوای ئەوەدێت، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا چەند بەرپرسو ئەندامێکی کابینەکەی ناتانیاهۆ، ڕەخنەی توندیان لەسیاسەتەکانی واشنتۆن گرتبوو بەرامبەر بەئێرانو ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ تاران.
لەبەشێکی دیكهى قسەکانیدا، ڤانس جەختی لەسەر هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا لەمانگەکانی ڕابردودا بەشێکی زۆری ئەو چەکو پێداویستییە بەرگرییانەی دابینکردوە کە سوپای ئیسرائیل بەکاریهێناون.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەم لێدوانانە ئاماژەیەکی ڕونن بۆ قوڵبونی ناڕونیو ناکۆکییەکانی نێوان واشنتۆنو تەلئەبیب، بەتایبەت لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمیو نفوزی ئێران لەناوچەکەدا.