شارپرێس:
دۆسیەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەعێراق دوبارە پەرەسەندنی بەخۆیەوە بینیو جەنگێکی میدیاییو زانیاریی قورسی لەنێوان دەزگا فەرمییەکان، میدیا ناوخۆییەکانو کەناڵە دەرەکییەکاندا هێناوهته گۆڕێ، ئەمەش دوای دروستبونی گومان لەسەر کاتو شوێنی چەندین دەستبەسەرداگرتنی درۆن لەدوای "جەنگی ڕەمەزان"ەوە، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاندوه، هەردوو دەزگای دژەتیرۆرو هەواڵگریی نیشتمانی توانیویانە دزە بکەنە ناو تۆڕێکو هەڵیوەشێننەوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان پێبوەو دەیانویست پلانەکانیان لەدژی چەند ئامانجێکی دیاریکراو جێبەجێبکەن.
ڕاگەیەندراوی فەرمی: هەڵوەشاندنەوەی شانەیەکی چەکداریی لەبەغدا
لەسەر ئاستی فەرمی، پلاتفۆرمە میدیاییە حکومییەکانی عێراق ڕاپۆرتێکی ئەمنیی نوێیان بڵاوکردەوەو ڕایانگەیاند، هەردوو دەزگای دژەتیرۆرو هەواڵگریی سەرکەوتوبون لەهەڵوەشاندنەوەی شانەیەکی سەر بەیەکێک لەگروپە چەکدارەکان لەبەغدای پایتەخت.
بهگوێرهى ڕاگەیەندراوەکە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) بۆمبڕێژکراودا گرتوە کە ئامادەکرابون بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستیو هێرشی چەکداریی.
حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، "هەردوو دەزگای دژەتیرۆرو هەواڵگریی نیشتمانی توانیویانە دزە بکەنە ناو تۆڕێکو هەڵیوەشێننەوە، ئەندامەکانی دەستگیربکەنو دەستبەسەر چەند کەرەستەیەکدا بگرن کە پێیانبوە، لەوانەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەم تۆڕە پلانی بۆ ئەنجامدانی هێرشو چالاکی لەدژی چەند ئامانجێکی دیاریکراو داڕشتبوو.
وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕونیکردوەتەوە، "ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکە بۆسەر ئەم تۆڕە زۆر تۆکمە بوو، بەجۆرێک توانرا هەڵبوەشێندرێتەوەو دزەی تێدا بکرێت، ئەو هێرشەش پوچەڵبکرێتەوە کە ئەندامەکانی بەنیازبون ئەنجامی بدەن".
گومانی ناوخۆیی: درۆنی "شاهید 107"و ونبونی مێژوی ڕوداوەکە
میدیاو چاودێرە ناوخۆییەکان، دوای پشکنینی وردی وێنە بڵاوکراوەکانی دەزگا ئەمنییەکان، ئاماژە بەوەدەکەن، فڕۆکەکان لەجۆری (شاهید 107 - کاتژمێری باڵ جێگیر)ن، بەڵام ئەوەی گومانی لای چاودێران دروستکردوە، نەبونی کاتو مێژویەکی ڕونە بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە.
عێراق لە دوای "جەنگی ڕەمەزان"ەوە شاهیدی دۆخێکی ئەمنی شڵەژاوو دۆزینەوەی بەردەوامی چەندین کاروانو ژمارەی جیاوازی درۆن بوە، بۆیە ئەم ناڕونییە پرسیاری ئەوەی دروستکردوە کە ئایا ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی نوێیە یان دوبارە بەکارهێنانەوەی دەستکەوتە ئەمنییەکانی پێشوە لەچوارچێوەی جەنگی ڕیکلامی نێوان لایەنە ململانێکارەکاندا.
فەزیحەی میدیایی: کەناڵی ئەلحەدەسو ژمارەی ڕێژەیی
لەم چوارچێوەیەدا، تیشکخرایەسەر چەواشەکارییەکی گەورەی کەناڵی (ئەلحەدەس)ی سعودی، بهگوێرهى ئەو بەڵگانەی بۆ یەکەمجار لەلایەن (تۆڕی میدیایی نایا)وە بڵاوکراونەتەوە، پشکنینی وردی ژمارەی ڕێژەیی لەسەر ئەو درۆنانەی کەناڵەکە نیشانیدابون، دەریخستوە کە ئەمە ڕێک هەمان ئەو بارهەڵگرو فڕۆکانەن کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە لەبازگەی پارێزگای واسیت دەستیانبەسەردا گیرابوو.
دەرکەوتوە کەناڵە سعودییەکە تەنها گۆشەی وێنەگرتنی بارهەڵگرەکەی گۆڕیوەو بەشێوازێکی چەواشەکارانە ڕایگەیاندوە، ئەمە "دەستکەوتێکی ئەمنی نوێیە لەپارێزگای بابل" بەمەبەستی بەستنەوەی بەململانێکانی نێوان گروپە چەکدارەکانو هێزەکانی ئەمریکا.
ئەم پێشهاتانە بەتەواوی چڕیی ئەو جەنگە میدیاییە دەرەکییە دەسەلمێنن کە دەیەوێت دۆخی ئەمنی عێراق لەوەی هەیە شڵەژاوترو ناسەقامگیرتر پیشانبدات.
