شارپرێس:
عەباس عێراقچی رایدەگەیەنێت، هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکادا نییەو پەیوەندییەکان تەنیا لەرێگەی ئاڵوگۆڕی پەیامەوەیە، ئەمەش ناوی لێ نانرێت دانوستان.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،"هیچ گفتوگۆو دانوستانێک لەنێوان تاران و واشنتندا بونی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکان تەنیا لەرێگەی نێوەندگیرەوەو بەشێوەی ئاڵوگۆڕی پەیام بەڕێوە دەچن.
باسی لەوەشکرد، هەوڵەکان بۆ زەمینەسازی بەردەوامن، تاوەکو ئەمریکا پێشێلکارییەکانی بۆ سەر بەندو مەرجەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بەردەوام بێت، ئێران بەهیچ شێوەیەک ئامادەی دانوستان نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ عومان لەگفتوگۆدایە بۆ دیاریکردنی رێڕەوێکی دەریاییی نوێ لەگەروی هورمزو پرۆسەکەش گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی. ئاماژەشیدا، رێڕەوە کۆنەکان دەگۆڕدرێن و پسپۆڕان لەئێستادا خەریکی کارکردنن لەسەر رێڕەوە نوێیەکان.
سەبارەت بەپرسی کردنەوەی گەروەکە، عێراقچی ڕونیکردەوە، ئەم رێککەوتنە دەریایییە بەمانای کردنەوەی گەروی هورمز نییە؛ هەرچەندە ڕەنگە ڕێککەوتن لەسەر رێڕەوی نوێ بکرێت، بەڵام کردنەوەی تەواوەتیی گەروی هورمز پەیوەندیی بەکۆمەڵێک مەرجی دیاریکراوەوە هەیە کە ئەمریکا پێشێلی کردون.
