کۆبونەوە لەناو ئۆتۆمبێلی جام ڕەشدا؛ وردەکاریی كۆبونه‌وه‌ نهێنییەکانی پزیشکیان‌و موجته‌با خامنه‌یى

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2689 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەناو ئۆتۆمبێلێکی جام ڕەش‌و لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا کە تەنانەت سەرۆک کۆماریش نەیتوانیوە ڕوخساری ڕێبەر بەڕونی ببێنێت؛ ئاژانسە فەرمییەکانی تاران پەردە لەسەر کۆبونەوەیەکی گرنگى نێوان مه‌سعود پزیشکیان‌و موجتەبا خامنەیی لادەدەن کە تێیدا نەخشەی قۆناغی داهاتوی جەنگ‌و ئابوریی ئێران داڕێژراوە.


ئاژانسی "فارس" ئاشكرایكردوه‌، مه‌سعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، لەگەڵ موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵا کۆبوەتەوەو ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەگەڵیدا باسی لەدۆسیە ئابوریی‌و سەربازییەکانی وڵات کردوە"، بەبێئەوەی کاتی کۆبونەوەکە دیاریبکات کە ئایا ئەمڕۆ بوە یاخود پێشتر، یان تەنانەت شوێنەکەی لەکوێ بوە.

ئاژانسەکە لەنوسینگەی ڕێبەری باڵای ئێرانەوە گواستویەتییەوە، کۆبونەوەکە هاوکات بوە لەگەڵ سەرەتای ساڵی سێیەمی دەستبەکاربونی پزیشکیان وەک سەرۆک کۆمارو لەچاوپێکەوتنەکەدا تاووتوێی دۆخی ئێستای جەنگ‌و قۆناغی داهاتوو، هەروەها "پەرەسەندنەکانی بواری سەربازیی، ستراتیژییەکانی دابینکردنی سەرچاوەکان، بەڕێوەبردنی خەرجییەکان، دراوە بیانییەکان‌و وزە" کراون.

ئاژانسه‌كه‌ ئەوەشیخستوەتەڕوو، هەردولا لەکۆبونەوەکەدا بەوردی باسیان لەکێشەو پرسەکانی وڵات کردوە، بەتایبەت دابینکردنی بژێویی‌و پێداویستییەکانی گەل، هاوکات تاووتوێی هاوکارییە ئابورییەکانی نێوان ئێران‌و لایەنە دەرەکییەکانیشیان کردوە.

ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە دوای چەند ڕۆژێک دێت لەدزەپێکردنی زانیاریی میدیایی کە ئاماژەیان بەوەکردبوو، "کۆبونەوەیەکی نهێنی" لەنێوان پزیشکیان‌و خامنەییدا سازکراوە، ماڵپەڕی "ئێران ئینتەرناشناڵ" ده‌ڵێت، "پزیشکیان بۆ شوێنێکی زۆر نهێنی گوازراوەتەوەو وتراوە کە کۆبونەوەکە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بوە کە جامه‌كانى ڕەش کراون‌و لەبارودۆخێکدا بوە کە سەرۆک کۆمار نەیتوانیوە موجتەبا خامنەیی بەڕونی ببێنێت.

پزیشکیان پێشتر لە 7ی ئایاری 2026دا ڕایگەیاندبوو، بەشێوەیەکی شەخسی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کۆبوەتەوەو وتی، کۆبونەوەکە نزیکەی دوو کاتژمێرو نیوی خایاندوە، ئەمەش یەکەم پشتڕاستکردنەوەی ئاشکرای بەرپرسێکی باڵای ئێران بوو سەبارەت بەکۆبونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا دوای ئەوەی پۆستی ڕێبەری باڵای گرتەدەست.

پزیشکیان لەتەمموزی ڕابردوشدا گەڕایەوەو باسی لەزیادبونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کرد، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پەیوەندییەکانی نێوانیان لەدوای یەکەم کۆبونەوەوە نەوەستاون.